کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەی ئاوارەکانی کوردستانی سووریە لە هەرێمی کوردستان لە ٦٥ هەزار کەس تێپەڕیوە

16:22 - 9 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: پاش نائارامییەکان یەک و نیو ساڵی رابردووی وڵاتی سووریە، ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
بەپێی نوێترین ئامارەکان، زیاتر لە ٦٥ هەزار پەنابەری کوردستانی سووریه بەهۆی زەخت و گوشار و هەروەها نائارامییەکانی ئەو وڵاتە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
رێژەیەکی زۆری ئەو پەنابەرانە لە پارێزگای دهۆکدا نیشتەجێ بوون و ژمارەیەکیشیان روویان لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی کردووە.
زیاتر لە یەک ساڵ و نیوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئەرتشی رێژیمی بەشار ئەسەد و دژبەران لە ئارا دایه و بەو هۆیەوە بە هەزاران هاووڵاتیی سووری و لەوانە کوردانی ئەو وڵاتە پەڕیوەی وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی کوردستان بوون.
ژمارەی ئەو ئاوارانە کە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە لە ٦٥ هەزار کەس تێپەڕیوە و نزیک بە ٣٠ هەزار کەس لەو ئاوارانە لە کەمپی دومیز لە پارێزگای دهۆکدا نیشتەجێ بوون.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە هەتا ئێستا ٦ میلیۆن دۆلاری بۆ ئاوارەکانی کوردستانی سووریە خەرج کردووە.