کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەی پەنابەرانی وڵاتی سووریە رووی لە زیاد بوونە

20:48 - 2 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، بە توندتر بوونەوەی توندوتیژییەکان، زیاتر لە نیو میلیۆن هاووڵاتیی سووریە پەڕیوەی وڵاتانی دراوسێ بوون.
بەهاتنی وەرزی سەرما و بەردەوامیی شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لە سووریه، دۆخی ژیان بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە، رەهەندی کارەسات‌باری بەخۆوە گرتووە و کەمیی دەوا و دەرمان، مادەی خۆراکی و سووتەمەنی، زۆربەی دانیشتوانی سووریەی ناچار بە بەجێ هێشتنی ناوچەکانی خۆیانیان کردووە.
دیرک نیبل وەزیری گەشەپێدانی وڵاتی ئاڵمان رایگەیاند، هاریکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ پەنابەرانی سووری روو لە زیاد بوون دەکات.
ناوبراو بە رادیۆ ئاڵمانی راگەیاندووە، گوشارەکان بۆسەر خەڵکی سووریه ئەوەندە زۆرە کە زۆربەیان خوازیاری بەجێ هێشتنی ناوچە شەڕ لێدراوەکانن.
بەوتەی کۆمیساریای پەنابەران و ئاوارەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەنووکە نزیک بە ٣٠٠ هەزار ئاوارەی سووری لە ئوردۆن و لوبناندا دەژین و نزیکەی ٢٠٠ هەزار ئاوارەش پەنایان بردووەتە وڵاتانی تورکیه، میسر و عێراق و بە ناچار ماڵ و حاڵی خۆیانیان بەجێ هێشتووە.
وڵاتانی دراوسێ سووریه توانای دابین کردنی پێداویستییەکانی پەنابەرانی سووریەیان نییه و بە زیاتر بوونی رێژەی ئاوارەکان پاڵپشتیی نێودەوڵەتی لەم پێوەندییەدا رووی لە زیاد بوون کردووە.