کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەیەک لە چالاکانی عەرەبی ئەهوازی لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کران

15:41 - 29 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: لەماوەی رۆژانی رابردوو هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هێرش بردنەسەر ناوچە جیاوازەکانی شاری ئەهواز ژمارەیەک لە چالاکانی عەرەبیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێرشی هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی شاری ئەهواز و دستبەسەر کردنی چالاکانی عەرەب لەلایەن ئەو هێزانەوە هەروەها درێژەی هەیە.

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، ژمارەیەکی دیکە لە هاووڵاتییانی عەرەبی ئەهوازی کە زۆربەیان لە چالاکانی فەرهەنگی، سیاسیی و مەزهەبین، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

چالاکانی مافی مرۆڤی ئەهواز رایانگەیاندووە کە مەهدی مجدەم، تورکی ئالبۆخنفر، ئەمین زەبیدی و عەلی زەهیری شوناسی هەندێک لەو کەسانەن کە دەستبەسەر کراون و هەروەها شوناسی هەندێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوان هەتا ئێستا رانەگەێندراوە.

هونەرمەندێکی ئەهوازی بە ناوی غسان چەڵداوی لە نیوان دەستبەسەر کراوەکاندایە کە زیاتر لە دە رۆژە دەستبەسەر کراوە وهەتا ئێستا بنەماڵەی ئەو هونەرمەندە ئەهوازییە لە شوێنی راگرتنی کوڕەکەیان هیچ زانیارییەکیان لە بەردەستدا نییە و نیگەرانی چارەنوسی کوڕەکەیانن.

بەپێی راپۆرتی چالاکانی مافی مرۆڤ ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون دانیشتووی کوڵانی شکارەی ١ و٢، کوڵانی دەرویشیە، کوڵانی کانتکس و کوڵانی نەسری ناوچەی کوت عەبدوڵڵای شاری ئەهواز بوونە.

لەم پێوەندییەدا رۆژی هەینی رێکەوتی ٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیم لە ناوچەی کوت عەبدوڵڵای شاری ئەهواز، ژمارەیەک لە چالاکانی عەرەبی ئەهوازییان دەستبەسەر کردبوو.