کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنانی عەرەبی ئەهوازی بە راوەستان لە پێش بۆڵدزێرەکانی رێژیم پێشان بە رووخاندنی خانووبەرەکانیان گرت

20:43 - 2 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: ژنانی عەرەبی ئەهوازی لە گوندێکی دەورووبەری ئەهواز بە راوەستان لە پێش بۆڵدزێرەکانی رێژیم کە گرتە ڤیدیۆییەکەشی بڵاو بووەتەوە، نەیانهێشت خانووبەرەکانیان بڕووخێنن.
بەپێی راپۆرتێک کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، هێزەکانی رێژیم لە گوندێکی دەورووبەری ئەهواز کە خانووبەرەی هاووڵاتیانیان دەڕووخاند و لە حاڵی پێشڕەوی دابوون بە راوەستانی ژنانی عەرەبی ئەو ناوچەیە لە پێش بۆڵدزێرەکانی رێژیم پێشیان پێ گیرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان میدیای راگەیاند: هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران چەند ساڵە کە خانووبەرە، مڵک و زەوییەکانی دەورووبەری ئەهواز بە بیانووی یاسایی وەکوو پڕۆژە و گەڵاڵەی میللی یا نەبوونی بەڵگەی خاوەن‌داریەتی لەناو دەبات یا دەستیان بەسەردا دەگرێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاند کە ئەو زەوییانە دوای ماوەیەک دەخرێنە سەر سایتی شارەک‌سازی و لە ئاکامدا بە بنکەکانی رێژیم و کەسانی ناخۆجێی دەدرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا و لە کوردستانی ئێران، چەند رۆژ پێش ئێستا ژمارەیەک لە خانووبەرەکانی دەرووبەری جاددەی کۆنی مەریوان ــ سنە لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە رووخێندران.

هێزەکانی رێژیم، جێگیر لە ئارەنانی سـنە دوای رووخاندنی ژمارەیەکی بەرچاو لە خانووبەرەی هاووڵاتیان بە بۆلدزێر و لۆدێر، بە وەرزێڕانیان راگەیاندووە کە دروستکردنی بینای نیشتەجێ بوون یا کەوێڵ (خانه باغ)، پێویستە هاوئاهەنگی لەگەڵ بنکەکانی رێژیم بکەن.

لەو پێوەندییەدا هەندێک لە وەرزێڕانی کوردی دەوروبەری شاری ئورمیە بە هۆکاری جیاواز و ئامادەکاریی رێژیم پانتایەکی بەرین لە زەوییەکانی ئەو ناوچانەیان بە کەسانی هەڵپەرستی ناخۆجێی و بنکەکانی رێژیم رادەست کردووە.