کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنێکی بەلووچ بە دەستی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم کوژرا

15:53 - 29 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: مورادخاتوون هاووڵاتیی بەلووچی خەڵکی شارستانی سەرباز لە پارێزگای بەلووچستان، لە کاتێکدا کە هەوڵی پێشگریی لە زەوتکردنی ئۆتۆمبێلی برازاکەی داوە، لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە بە ماشین لێی دراوە و گیانی لە دەست داوە.
هرانا بڵاوی کردەوە، هاووڵاتییەکی بەلووچی خەڵکی گوندی \'\'ئەفشان\'\' سەربە بەخشی \'\'ئاشار\'\'ی شارستانی سەرباز، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕ، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە ئۆتۆمبێل لێی دراوە و لە ئەنجامدا کوژراوە.

\'\'سەید بی‌بی رەسووڵ زادە\'\' ناسراو بە مورادخاتوون کاتێک کە ویستوویەتی پێش بە زەوتکردنی ماشینی برازاکەی لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە بگرێ، بە ماشینی ئەو هێزانە لێی دراوە لە کاتی راگواستن بۆ نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزەکانی رێژیم پاش زەوتکردنی ماشینی برازاکەی لە رێگای گەڕانەوەی پاسگادا تووشی مورادخاتوون بوون، ناوبراو داوایان لێ دەکات کە ئەو ئۆتۆمبێلە زەوت مەکەن کەلە وەڵامدا ئەو مەئموورە کەلە پشتی فرمانەکەدا بووە لەو ژنە بەلووچەی داوە و کوشتوویەتی.

ئەو رووداوە تووڕەیی خەڵکی ناوچەکەی لێ کەوتووەتەوە و بە هێرش کردن بۆسەر پاسگای هێزی ئینتزامی، درگاکەیان شکاندووە.