کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژێستی سیاسی و خەباتکاری

00:17 - 2 جۆزەردان 2717

کەریم پەرویزی

خەبات و هەڵوێست گرتن بە دژی سیستمێکی پاوانخواز و چەواشەکاری وەک کۆماری ئیسلامی کە پڕاوپڕە لە فێڵ و تەڵەکە و هێزی دژەمرۆیی بۆ بەلاڕیدا بردن و بەچۆکداهێنانی ئیرادەی شۆڕشگێڕانە، خەباتێکی دژوار و ئەستەمە و چەندە لە بواری فیزیکی و بەرتەسک بوونی ئیمکاناتی ماددیی شۆڕشدا دژوار و بەرتەسکە، چەندین بەرابەری ئەوە لە بواری هزر و بڕواوە، خەباتێکی پڕ تەنگ و چەڵەمەیە و خەباتکارانی ڕێگا دەبێ بەردەوام وشیاری بۆسە و تەڵەکانی ڕێژیم بن.

خەباتکردن دژی سیستمێک کە هەموو ئیمکاناتی سیاسی و نیزامیی وڵاتی پاوان کردووە و لە هیچ تاوانێک بە دژی دژبەرانی ناسڵەمێتەوە، خەباتێکی قورس دەبێ. بەڵام لەوە قورستر ئەو کاتەیە کە ڕێژیمێک هەموو ئیمکاناتی هزری و پڕوپاگەندەییش وەگەڕبخا تاکوو داسەپاویی خۆی لە بواری نیزامی و دەسەڵاتی داپڵۆسێنەرەوە وەها نیشان بدا کە ئەم دەسەڵاتە، دەسەڵاتێکە کە بەسەر هزر و باوەڕی مرۆڤەکانیشدا حکوومەت دەکا و کۆمەڵگای بەچۆکدا هێناوە و دەسەڵاتەکەی هەتا هەتاییە!

ئەم شێوازە لە دەسەڵاتداری و سیستمی سەرەڕۆ، هەوڵ دەدا کە تاک و گرووپە خەباتکارەکان تووشی بێهیوایی بکا و لە بڕوا و باوەڕیاندا وا تەسلیمی ڕێژیم ببن کە پێیان وابێ، جگە لە کایەکردن لە چوارچێوەی پێوەرەکانی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهی‌دا هیچ دەرەتانێکی دیکە بۆ کاری سیاسی و خەبات بوونی نیە.

هەر وەک لە هیندووستانی ژێر دەسەڵاتی بریتانیادا دەیانگوت، تەنیا لە بەر هەتاوی هەڵهاتوو و ئاوابوو لە دەسەڵاتی مەلەکەی بریتانیادا دەکرێ نان پەیدا بکەن، یان لە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پۆلیتاریای یەکیەتیی سۆڤیەتیدا باو بوو کە هەر چی بکەین، دەبێ بە ئاگاداری براگەورە واتا ڕێبەری سۆڤیەت بکرێ، لە کۆماری ئیسلامییشدا خەریکن ئەو کولتوورە باو بکەن کە تەنیا ڕێگای سیاسەت و خەبات لە چوارچێوەی سیستمێکدایە کە وەلیی فەقیهـ ئیزنی لەسەر دابێ.

لەو سیستمەدا کە دەیەوێ ئیرادەی شۆڕشگێڕی بەچۆکدا بێنێ، لە هەوراز و نشێوەکانی شۆڕش و خەباتدا، زۆرجار پەیدا دەبن ئەو خەباتکارانەی کە لە هەوراز و پێچە دژوارەکاندا ماندوو دەبن و باوەڕیان بە خەبات بەچۆکدا دێ. تا ئەم خاڵە شتێکی نامۆ نیە و لە هەموو شوێنێک مرۆڤەکان تواناکانیان سنووردارە و لە بڕگەیەک لە کار و تێکۆشاندا چیدی وزەیان نەمێنێ یان ورەیان بەردەن، بەڵام خراپییەکەی لەوەدایە کە؛ لەو نێوەدا هەندێک کەس هەم ورەیان بەردەدەن و هەم ئیرادەیان دەدۆڕێنن، بەڵام بۆ شاردنەوەی دۆڕاوییان، خەڵکی دیکە و خەباتکارانیش هان دەدەن کە ڕوانینیان لە دەرەوەی ڕێژیمەوە بگوازنەوە بۆ نێو ڕێژیم و لە ڕاستیدا دۆڕاویی خۆیان بە ناوی دیکەوە تێئۆریزە دەکەن و دەیانەوێ لەگەڵ خۆیان، خەباتیش بەچۆکدا بێنن!

ئەم جۆرە سیمایانە کە ڕەنگە لێرە و لەوێ نموونەیان پەیدا ببێ، دەیانەوێ هەم لە ئاسوودەیی کایەکردن لە چوارچێوەی ڕێژیم بەشدار بن و هەم سیمای خەباتکارییان هەبێ، کە لە ڕاستیدا بوونەوەرێکن کە سیمای خەباتیان پێ ناشیرین دەکرێ و لە کاتی هەڵهاتنی هەتاوی ئازادی‌دا دۆڕاوییان زیاتر دەردەکەوێ.