کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاتی بەرەوڕووبوونەوەی جیهان لەگەل ڕێژیمی ئێران هاتووە

14:23 - 29 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسان و کاربەدەستانی ئامریکا ڕایدەگەیەنن، کە کاتی ئەوە هاتووە، جیهان بەرەوڕووی ڕێژیمی ئێران ببێتەوە.

بەرپرسانی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، داوا لە هەموو جیهان دەکەن، لە بەرانبەر هەوڵە تێکدەرانەکانی ئێراندا بێدەنگ نەبن و ڕایانگەیاندووە، کە کاتی ئەوە هاتووە جیهان بەرەوڕووی ئێران ببێتەوە.

مەک مستێر، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نیشتمانیی ئامریکا، ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە کاتی ئاخاوتنەکانی لە کۆنفڕانسی مونیخدا، ڕێژیمی ئێرانی بە هۆکاری ناسەقامگیری ناوچەکە و جیهان ناساندووە و وتوویە: کە تۆڕی بەکرێگیراوان و لایەنگرانی تاران بەرفراوانتر و بەهێزتر بووە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە: کاتی ئەوە هاتووە، کە کەموکۆڕییەکانی بەرجام دەستکاری بکرێن و جیهان لە بەرانبەر هەوڵە ناسەقامگیرانەکانی ڕێژیمی ئێران، وەک گەشەپێدان بە بەرنامە مووشەکیەکەی و پاڵپشتی لە تیرۆریستەکان و هەروەها دنەدان و یارمەتیدانی ئەو میلیشیا و چەکدارانەی کە دەستیان لە ناسەقامگیرکردن و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، بێدەنگ نەبن.

نیکی هێلی، نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی هەینی ٢٧ی ڕێبەندان، پاش بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لەسەر پێشێلکردنی بڕیارنامەی نەناردنی چەکوچۆڵ بۆ حووسییەکان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ڕایگەیاندووە: کاتی ئەوە هاتووە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ تاران بە جیددی ڕووبەڕوو ببێتەوە.

هەر لەو بارەوە، جیمز مەتیس، وەزیری بەرگریی ئامریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕێبەندان لە کاتی بەشداربوونی لە کۆبوونەوەی ناتۆ لە بروکسێل، وتبووی: سووریە دەبێ بۆ سوورییەکان و عێراقیش بۆ عێراقییەکان بێت، ئەو بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندبوو، کە ڕێژیمی ئێران لە قەیرانەکانی یەمەن، عێراق، سووریە، لوبنان و بەحرەیندا دەستی هەیە.