کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاسبکارێکی کورد لە شاری مەهاباد دەسبەسەر کرا + وێنە

23:54 - 10 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: لە بەرەوڕوو بوونەوەیەکی خەڵکی گەڕەکێکی شاری مەهاباد لەگەڵ هێزە نیزامییەکانی ئەو شارە، هێزەکانی رێژیم پاشەکشەیان کرد و شوێنەکەیان بەجێ هێشت.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاتژمێر ١ی دوانیوەڕوی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی، هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە گەڕەکی \'\'پشتەپی بەری شیلانان\'\'ی شاری مەهاباد کاسبکارێکی کوردیان بەناوی \'\'خدر شەلە\'\' دەسبەسەر کرد.

هاوکات لەگەڵ دەسبەسەر کرانی خدر، کۆمەڵێکی زۆر لە بار و کەلوپەلی کاسبکاران، لەلایەن ئەو هێزانەوە زەوت کرا.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی پشتەپی بەری شیلانان و شایەتحاڵی رووداوە، بە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: \'\'ئەم دەسدرێژییانەی هێزەکانی رێژیم بۆسەر کاسبکاران و هاووڵاتییان لە شاری مەهاباددا بێ وەڵام نەمایەوە و ژنان و کچان، بە دار و بەرد هێرشیان کردە سەر هێزەکانی رێژیمی ئێران و وایان کرد کە پیاوانیش لەم ناڕەزایەتییەدا بەشدار بن و بەرەوڕووی هێزەکانی رێژیم ببنەوە\'\'.

ئەم هاووڵاتییە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ وتیشی: \'\'هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران کاتێک هێرش و بەرەوڕوو بوونەوەی خەڵکیان دی، بە تەقەی هەوایی کردن لە شوێنەکە هەڵهاتن\'\'.