کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان/ بەهۆی رووداوی هاتوچۆ ١٦٧٢ کەس گیانیان لە دەست داوە

22:24 - 4 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لە چوار پارێزگای کرماشان، سنە، ئورمیە و ئیلام لە ماوەی ساڵێکدا، ٢٩ هەزار و ٥٥١ هاووڵاتی بریندار و یەک هەزار و ٦٧٢ کەسیش گیانیان لە دەست داوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ساڵ لە دوای ساڵ رێژەی قوربانییانی رووداوەکانی هاتوچۆ بە هۆی خراپیی ئۆتۆمبێل و ریگاوبانەکانی کوردستانی ئێران زیاتر دەکات و بەرپرسانی رێژیم سەرەڕای دانی بەڵێنیی جۆراوجۆر و بەریقەدار، هیچ هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە نادەن.

بەگوێرەی ئامارێک لە ناوەندی پزیشکیی یاسایی رێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، لە پارێزگای کرماشان ٥٣١ کەس، پارێزگای ئورمیە ٦٣٣ کەس، پارێزگای سنه ٣٨٣ کەس و لە پارێزگای ئیلام ١٢٥ کەس بەهۆی رووداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەست داوە.

8552.jpg
خشتەی مەرگی هاووڵاتییان لە چوار پارێزگای کوردستان و شوێنی رووداوەکان

لە کۆی گشتیی ١٦٧٢ کەس کە بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا لە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستان گیانیان لە دەست داوە، ٩٢٤ حاڵەتی مەرگ بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لە رێگاکانی دەرەوەی شارەکان، ٥٩٤ حاڵەت لەنێو شار، ١٥٢ حاڵەت لە رێگای گوندەکان و ٢ حاڵەتیش کە ناڕوون بووە، رووی داوە.

بەپێی ئەم ئامارە، لە پارێزگای کرماشان ١٠ هەزار و ٨٥٢ کەس، پارێزگای سنە پێنج هەزار و ٣٢٤ کەس، پارێزگای ئورمیە ١٠ هەزار و ٥٧٩ و لە پارێزگای ئیلام دوو هەزار ٧٩٦ کەس بەهۆی رووداوی هاتوچۆ رەوانەی نەخۆشخانەکان، یان پزیشکیی یاسایی کراون.

ئەم ئامارە رێژەیییە و تەنیا ئەو کەسانە هەژمار کراون کە رەوانە نەخۆشخانە، یان ناوەندە پزیشکییەکان کراون و دەشێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیە زێدەتر بێت.