کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستانی رۆژهەڵات/ بەڕێکردنی یارمەتییە کۆکراوەکان بۆکوردە ئاوارەکانی شنگال

18:15 - 12 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: کاروانی یارمەتییە کۆکراوەکانی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئیران کە بریتی بوون لە دوومیلیارد و ٦٥٠ ملوێن تمەن خواردەمەنی، یارمەتی نەختی و کەرەستەی پێویست بەرە و هەرێمی کوردستان بەڕێکەوت.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١١ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، ١٠ کەس بە نوێنەرایەتی هاووڵاتییانی کورد بۆ دڵنیابوون لە رادەستکردنی یارمەتییەکانیان بۆ ئاوارەکانی شنگال لەگەڵ کاروانەکانی بەڕێکردنی ئەو یارمەتییانە بەرە و هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتن.

پاش هێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر شنگال، هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی سەحنە، کرماشان، هەرسین،جوانڕۆ، پاوە، نۆدشە، روانسەر، مەریوان، سەوڵاوا، سنە، کامیاران، سەقز، بانە، دیواندەرە، بیجاڕ، پیرانشار، بۆکان، مەهاباد، سەڵماس، سەردەشت، و زۆربەی گوندەکانی سەر بەم شارانە بە وەرێخستنی کەمپەینەکانی خۆرسک لەلایەن هاووڵاتییانەوە، بۆ ئاوارەکانی شنگال یارمەتییان کۆکردەوە.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە لەو ماوەیەدا لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا بڵاو بوونەتەوە، رێژیمی ئێسلامیی ئێران لە ماوەی چالاکیی کەمپەینە خۆڕسکەکان کە لەلایەن هاوڵاتییان وەڕیخرابوون بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەکانی شنگال بە شێوازی جۆراوجۆر بەربەستیان بۆ ئەم پرۆسەیە ساز دەکرد.

نەدانی مۆڵەت بە کەمپەینە خۆڕسکەکان، بانگەشە بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی غەزە لە رێگەی ناردنی کورتەنامە بۆ تەلەفوونی هاووڵاتییان، بڵاوکردنەوەی دەنگۆ لەلایەن دەست‌وپێوەندییەکانی رێژیمەوە، لەو هەوڵانە بوون کە رێژیمی ئێسلامیی ئێران لە کاتی چالاکیی کەمپەینە خۆڕسکەکان گرتبوویە بەر.

راپۆرتەکان لە شاری و گوندەکانی کوردستانی ئێرانەوە باس لەوە دەکەن کە سەرەڕای هەموو ئەو بەربەست و هەوڵانەی رێژیمی ئێران، هاووڵاتییانی کورد بە شێوەیەکی بەرچاو پێشوازییان لە کەمپەینەکانی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەکانی شنگال کردووە.