کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردپا: لە ماوەی ساڵێکدا ٧٢٦ هاووڵاتی لە ئێران، لە سێدارە دراون

12:52 - 14 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینیدا، ٧٢٦ هاووڵاتیی بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە سێدارە داوە.
ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە راپۆرتێکی شیکاری ــ ئاماریدا بڵاوی کردەوە، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا ٧٢٦ هاووڵاتی لە ئێراندا لە سێدارە دراون کە تۆمەتی زۆربەی ئەو لە سێدارەدراوانە بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان بووە.
بەپێی خشتەیەک کە لەو راپۆرتەدا بڵاو بووەتەوە، ٣١٩ کەس بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان، ١١٩ کەس بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست، ٥٨ کەس بە تۆمەتی دەسدرێژیی جینسی، ٣ کەس بە تۆمەتی دەسدرێژیی جینسی و کوشتن، ٢٩ کەس بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ خودا (محاربه)، ١١ کەس بە تۆمەتی دزیی چەکدارانە، ٥ کەس بە تۆمەتی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی، ٢ کەس بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ رێکخراوە بیانییەکان، ١ کەس بە تۆمەتی راگرتنی چەک و تەقەمەنی و ٣ کەس بە تۆمەتی سیاسی، لە لایەن دەزگای قەزایی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سێدارە دراون. بەپێی ئەم خشتەیە تۆمەتی ١٧٦ هاووڵاتیی لە سێدارەدراو ناڕوونە.
لەم راپۆرتە شیکاری ــ ئامارییەدا هاتووە، ٥٢ کەس لەو لە سێدارە دراوانە کوردن و ٣ کەس لەوانە بە تۆمەتی سیاسی لە سێدارە دراون و هەروەها ٢١ کەسی دیکەش بە رچەڵەک ئەفغانین کە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە سزای مەرگیان بەسەردا جێ‌بەجێ کراوە.
لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج ٨٧ کەس لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینی لە سێدارە دراون کە زیاترین رێژەی لە سێدارەدراوان، لەو ساڵەدا لە خۆ گرتووە و زیندانی ئورمیەش بە ٦١ ئیعدامی، پلەی دووهەمی لە ئاستی رێژەی لە سێدارەدان لە زیندانەکانی ئێراندا هەیە. هەروەها ٤٩ کەسیش لە بەرچاوی گشتیی خەڵکەوە لە سێدارە دراون.
ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەپێی دیاگرامێک کە بڵاوی کردووەتەوە، دەرخەری ئەوەیە کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەموو مانگەکانی ئەمساڵدا حوکمی سێدارەی جێبەجێ کردووە، کەلە مانگی ژوولای بە لە سێدارەدانی ١٣٣ کەس و لە مانگی مارس بە لەسێدارە دانی ٣ کەس، زیاترین و کەمترین رێژەی ئیعدام بە پێی مانگەکان ئەنجام داوە.
خشتەیەکی دیکەی ئەو راپۆرتە جیاکاریی رەگەزیی لە سێدارەدراوانی لە زیندانەکانی ئێران ئەنجام داوە کە بەپێی ئەو خشتەیە، ٢٥ کەس لە رەگەزی مێ و ٢٦٥ کەسیش لە رەگەزی نێرن. ئەمە لە کاتێک دایە ٧٨ کەس تەنیا پیتی یەکەمی ناوەکانیان ئاشکرا بووە و رەگەزی ٣٥٨ لەو ئیعدام کراوانە نادیارە.