کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی بەپەلەی پارێزگاری ئورمیە، ناوەندە ئەمنیەتییەکان و موخابەرات، لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕدا

16:17 - 22 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: پارێزگاری ئورمیە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ شۆرای ئەمنیەتیی ئەو پارێزگایە کۆبوونەیەکی ئەنجام داوە کە چەندین بەخشنامەیان لە پێوەندی لەگەڵ ٢٢ی پووشپەڕ دەرکردوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دوای چالاکی بەرینی تەبلیغاتی و بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستێری تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ لەلایەن ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە پارێزگای ئورمیە کە تێیدا کۆمەڵێک لە بەرنامەی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ و رێنوێنیی پێوەندیدار بە ساڵڕۆژی تیرۆری شەهیدانی ڤییەن هاتووە، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بە بەشداریی پارێزگای ئورمیە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رێژیم پێکهات کە تێیدا بەخشنامەیەکیان پەسند و بۆ فەرمانداری، بەخشداری و شارەدارییەکانی ئەو پارێزگایە ناردووە.

لەو بەخشنامەیەدا داوا لە هەموو بنکە و ئۆرگانە پێوندیدارەکانی رێژیم کراوە کەلە رۆژی ٢٢ی پووشپەڕدا بە گرتنە بەری رێوشوێنی توندی ئەمنیەتی لە تەواوی ناوچەکاندا پێش بە مانگرتن و داخستنی دووکانەکان بگرن و پێش بە هەر چەشنە \'\'ئاڵۆزی و پشێوی\'\'یەک بگرن.

هەروەها لەو بەخشنامەیەدا داوا لە ئیدارە پێوەندیدارکانی سەربە رێژیم کراوە کە بە هاوئاهەنگی و بەرنامەرێژی لەگەڵ یەکتر، هێڵی موخابەرات و ئینترنێت لە تێکڕای ناوچەکان بپچڕێنن و لە پێوەندی و کۆبوونەوەی نێوان هاووڵاتییان لە ساڵڕۆژی شەهیدان دوکتور قاسملوو، عەبدووڵڵا قادری ئازەر و دوکتور فازڵ رەسووڵ پێشگیری بکەن.