کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سویس سمینارێکی بۆ مستەفا هیجری پێکهێنا

22:05 - 18 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سویس، سمینارێکی بۆ مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزب، پێکهێنا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئەو سمینارە بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر کامران رەسووڵی بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ سویس، چەند وتەیەکی سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی کۆمیتەی سویس پێشکەش کرد.

پاشان مستەفا هیجری لەبارەی دۆخی ئێستای رێژیمی ئیسلامیی ئێران و وتووێژی ئەم دوایییانەی رێژیم و رۆژئاوا و هەروەها هەوڵەکانی رێژیمی ئێران لەمەڕ دەربازبوون لەو قەیرانە ئابوورییە کە لەگەڵیدا بەرەوڕوویە کرد.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو سمینارەدا پەرژایە سەر ژیانی تاڵ و پڕ لە نەهامەتیی کۆمەڵانی خەڵک و بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری، ئیعتیاد، بێکاری و بێ داهاتیی خەڵکی ئێران و هەموو ئەوانەی بۆ سیاسەتی سەرەڕۆیانەی رێژیم گەڕاندەوە.

سیاسەتەکانی حیزبی دێــموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ رێژیمی ئێران و ئوپۆزسیۆنی ئێران و هەروەها سیاسەتەکانی رێژیم پاش هاتنە سەرکاری رۆحانی، تەوەرێکی دیکەی قسەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی پێکهێنابوو.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێران فیدراڵ و پێوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کورد و دوایین ئالوگۆڕەکانی پرۆسەی یەکگرتنەوە لەگەڵ هاوڕێیانی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەشێکی دیکەی قسەکانی مستەفا هیجری بوون.

لە کۆتایی ئەو سمینارەدا بەشداران، قسە و باس و تێبینییەکانیان خستە روو و لەلایەن سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتەوە وڵام درانەوە.