کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان لە وڵاتی سوێد هیوای گەڕانەوەی باری ئاساییان بۆ جەلال تاڵەبانی خواست

14:19 - 7 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: کۆمیتەی ٢٧ حیزبی کوردستانی لە وڵاتی سوێد لە نامەیەکدا هیوای چاک بوونەوەیان بۆ سەرکۆماری عێراق خواست.
نوسخەیەک لەو نامەیە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە
دەقی نامەکە:

کۆمیتەی هاوکاری حیزبە کوردستانییەکان لە وڵاتی سوێد، کە پێک هاتوو لە ٢٧ حیزبی کوردی چوار پارچەی کوردستان، یەک هەڵوێستن لەسەر پرسە نیشتمانییە رەهەنددارەکان و هاوشان لەگەڵ هەموو حیزب و لایەنە سیاسی و فیکریانەی کە داکۆکیکاری مافی رەوای گەلی کوردن خەبات دەکات، سەبارەت بە رەوشی تەندروستی فەخامەتی جەنابی مام جەلال کە کێشەی تووش بووە، زۆر دڵگرانین و نیگەرانی خۆمان بۆ ئێوەی بەڕێز دەردەبڕین دەزانین کە پێگەی جەنابی مام جەلال چەند گرنگ و پێویستە بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان لە چوارپارچەی کوردستان و مایەی دڵنەواییە بۆ کورد و کوردستانیان لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت بۆ دونیا کە جەنابیان ناسراوە بە (صمام الامان) کلیلی چارەسەری کێشەکانە لە وڵاتی عێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی.
سەرجەم ئەندامانی ئەم کۆمیتەیە ئاواتە خوازن کە رەوشی تەندروستی جەنابی مام جەلال بە زووترین کات جێگیر و باش بێتەوە و بگەڕێتەوە کوردستان، درێژە بە خەبات بدات کە زۆربەی تەمەنی لەپێناوی ئازادی گەل و نێشتمان تەرخان کرد.