کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی کورد لە ئینترناسیۆنال سوسیالیست پێکهات

17:47 - 24 خاکەلێوه 2713

کوردستان میدیا: لەدرێژەی باس و پرسیارەکانی کۆبوونەوەکانی پێشووی ئینترناسیۆنال سوسیالیستدا کە بۆ پێکهێنانی کۆمیتەیەکی تایبەت بە کورد لەو رێکخراوەدا هاتبوونە ئاراوە و پێکهێنانی کۆمیتەیەکی لەو بابەتە لە جێگای گرووپی کاری کوردان لەو رێکخراوەیەدا کە پێشتر پێکهاتبوو، کۆبوونەوەیەکی تر لە سلێمانی بەڕێوە چوو.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٢ی هەتاوی، کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی لویس ئایالا سکرتێری گشتیی ئینترناسیۆنال سوسیالیست و هەیئەتی دەفتەری پاپاندرۆ سەرۆکی ئینترناسیۆنال سوسیالیست و بە بەشداریی ٢٢ی هەیئەت لە حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی هەرچوار بەشی کوردستان لە شاری سلێمانی پێکهات.

لەم کۆبوونەوەیەدا هەیئەتێکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی بەڕێز حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزب بەشدار بوو.

سەرەتای ئەو کۆبوونەوە بە پێشکەش کردنی چەند وتەیەک لەلایەن سکرتێری سوسیالیست ئینترناسیۆنال دەستی پێ کرد.
ئایالا لە قسەکانیدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە مێژووی پێوەندیی کورد و ئینترناسیۆنال سوسیالیست لە چەند دەیەی رابردوودا، پڕژایە سەر رۆڵی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و وتی: کورد لە رێگای دوکتور قاسملووەوە بە ئینترناسیۆنال سوسیالیست ناسێنرا.
دواتر مەلا بەختیار کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، وێرای باسێکی مێژوویی لە ئینترناسیۆنال سوسیالیست، رۆڵی کەسایەتییەکانی شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، جەلال تاڵەبانی و دوکتور مەحموود عوسمانی بەنیسبەت ئەم رێکخراوە جیهانییە بەرز نرخاند.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا لایەنە بەشدارەکانی هەرچوار بەشی کوردستان، را و بۆچوون و تێبینییەکانی خۆیان لەسەر ئەو کۆمیتەیە و بارودۆخی ئەو بەشەی کوردستان پێشکەش کرد.

لەم پێوەندییەدا بەڕێز حەسەن شەرەفی باسی هەلومەرجی هەنووکەیی کوردستانی ئێرانی کرد و سیاسەتی دژە مرۆیی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ئاماژە پێ کرد و سەرەڕۆیی ئەو رێژیمەی لە پێوەندیی تیرۆر و دەستێوەردانەکانی لە وڵاتان باس کرد.
پاشان هەرکام لە نوێنەران، را و سەرنجی خۆیان بۆ کاروباری داهاتووی کۆمیتەی کورد لە ئینترناسیۆنال سوسیالیست خستە بەر باس.
شەرەفی بەرپرسی شاندی حیزبی دێمۆکرات لە کۆبوونەوەی ئینترناسیۆنال سوسیالیست، وێڕای ئاماژە بە رابردووی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئیران لەو رێکخراوە نێودەوڵەتییەدا وتی: کۆمیتەی کورد لە ئینترناسیۆنال سوسیالیست نابێ جیاوازی لە نێوان بەشەکانی کوردستاندا دابنێت و دەبێ بە یەک چاو سەیری هەرچوار پارچەی کوردستان بکات و تێکۆشانی ئەو کۆمیتەیە هەموو بەشەکانی کوردستان بگرێتەوە.

لە کۆتاییدا هەڵبژاردن بۆ بەرپرس و دوو جێگری بەرپرسی کۆمیتەی کورد لە ئینترناسیۆنال سوسیالیست کرا و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان وەکوو بەرپرس و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و پارتی BDP وەکوو جێگرەکانی بەرپرسی ئەو کۆمیتەیە هەڵبژێردران.