کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، کۆنفرانسێک بە بەشداری ئەحمەد شەهید و شیرین عیبادی بەڕێوە دەبات

14:20 - 11 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ کۆنفرانسێکی تایبەت لەپێوەندیی مافی مرۆڤ لە ئێران، بە بەشداری نوێنەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران و شیرین عیبادی وەرگری خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل بەڕێوە دەبات.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا: ئەو کۆنفرانسە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ٢٢مین خولی کۆبوونەوەکانی شۆرای مافی مرۆڤ ساز دەدرێت.
بەڕێوەبەرانی کۆنفرانسەکە تەیموور ئەلیاسی نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ و دکتور کارن پارکر نوێنەری رێکخراوی نێودەوڵەتیی پەرەپێدانی خوێندن، دەبن.
باسە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە بریتین لە: هەڵاواردن لە دژی نەتەوە ستەم لێ کراوەکان و کەمینە ئایینییەکان لە ئێران، لە سێدارەدان، پرسی ژنان و نیشاندانی کورتە رێپۆرتاژێک لەسەر کۆڵبەرانی کورد و پرسی کۆڵبەران.
کۆنفرانسی تایبەت لەپێوەندیی مافی مرۆڤ لە ئێران، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٢‌ی رەشەمە (١٢ی مارس) لە هۆڵی ژمارە ٢٣‌ی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان لە ژنێڤ بەڕێوە دەچێت.