کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی ئامریکا دەنگی (ئەرێ)ی بە پڕچەککردنی دژبەرانی رێژیمی بەشار ئەسەد دا

17:06 - 28 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: گەڵاڵەی باراک ئوباما، سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەمەڕ پڕچەک کردنی دژبەرانی رێژیمی بەشارئەسەد بە ٢٧٣ دەنگی ئەرێ لەلایەن کۆنگرەی ئەو وڵاتەوە پەسەند کرا.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە بیانییەکان، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، گەڵاڵەی باراک ئوباما پاش پەسەند کردنی ئەو گەڵاڵەیە لەلایەن کۆنگرەی ئامریکاوە، لەمەڕ بە یاسا کردنی رادەستی مەجلیسی سەنا کرایەوە.

گەڵاڵەکەی سەرکۆماری ئامریکا ستراتیژیی \'\'لاوازکردن و رووخاندنی دەوڵەتی ئیسلامی\'\' لەخۆ دەگرێ کەلە ئەگەری پەسندکرانی، چەکی پێشکەوتوو رەوانەی دژبەرانی بەشار ئەسەد دەکرێت کە هاوکات لەگەڵ رێژیمی بەشار ئەسەد و دەوڵەتی ئیسلام لە شەڕ دان.

هەر لەو پێوەندییەدا، ئەمریکا بەرەیەکی بۆ لەناوبردنی داعش پێک‌هێنا و بەرپرسانی رێژیمی ئێران دژ کردەوەیان نیشاندا و رێبەری رێژیمی ئێران ئەو بەرەیەی بە هیچ وەسف کرد.

بەرپرسانی ئەمریکایی لە شەڕی دژی تیرۆریزم لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەراست بە تایبەت عێراق، هەر جۆره هاوکارییەکیان لەگەڵ رێژیمی ئێران رەت کردووەتەوە.