کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆتایی پێهات

17:19 - 6 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: دووهەمین و ئاخرین رۆژی کۆنگرەی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە باسکردن و پێداچونەوە‌ی بەرنامە و پێڕەوی نێوخویی و هەڵبژاردنی ئەندامانی بەرێوبەری یەکیەتیەکە کۆتایی پێهات.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٦ی بەفرانباری ١٣٩٢، کۆنگرەی چوارەمی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ژێر دروشمی یەکگرتوویی گوتاری بزووتنەوەی خوێندکاریی کورد لە دووهەمین رۆژی کاری خۆیدا کۆتایی پێهات.
لە یەکەمین دانیشتنی رۆژی دووهەمی کۆنگرەی یەکیەتیی خوێندکاران پەیامی دوکتور ئومید ساعیدی لەلایەن بەهار حوسێنی ئەندامی کۆنگرە‌وە خوێندرایەوە.
دواتر لەلایەن ژیلا باریکە، ئەندامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرا.
لە درێژه‌ی کاری کۆنگرە‌دا، راپۆرتی کار و چالاکییەکانی ئەندامانی دەرەوەی وڵاتی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن وەفا مستەفاپوورـەوە پێشکەش کرا و پاش تاوتوێکردن و وەرگرتنی را و بۆچوونەکانی ئەندامانی کۆنگرە بە زۆرینەی دەنگ پەسندکرا.
بەشێکی دیکەی دووهەمین رۆژ لە کاری کۆنگرەی چوارەمی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تاوتوێکردنی بەرنامە و ئەساسنامەی پێشنیار کراو کە لەلایەن هەیئەتی بەرێوبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی سێیەمی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئامادە کرابوو لەلایەن دوکتور هەژار رەحیمی ئامادە کرابوو پاش وەرگرتنی بیر و رای ئەندامانی کۆنگرە خاڵەکانی بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرا.
بەشی دواتری کۆنگرە بە بریار و راسپاردەکانی چوارەمین کۆنگرەی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران تەرخان کرابوو.
لە بەشی کۆتایی کۆنگرە، لە کەش و هەوایەکی دێموکراتیکدا، هەڵبژاردنی ئەندامانی بەرێوبەری کۆنگرەی چوارەم بەڕێوەچوو.
غالب حەبیبی، ئومید عەبدی، ئەژین بەهرامی، عادڵ مورادی، شەماڵ تەرغیبی، سەربەست ئورمیە و کەیهان یوسفی وەکوو ئەندامانی بەڕێوەبەری هەڵبژێردران.
هەروەها هێرش کەریمی، هێرش ئەمجەدی، بەهمەن کەریمی، حەسەن مورادی و ئەحەد ئەحمەدڕەش وەکوو ئەندامانی جێگری بەڕێوەبەری هەڵبژێردران.
بەپێی ئەساسنامە یەک کەس لە دەرەوەی وڵات و یەک کەسی دیکەش لە ناو خۆی ئێران وەکوو ئەندامی بەرێوبەریی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموراتی کوردستانی ئێران هەڵدەبژێردرێن.
کەیهان یووسفی لە یەکەمین دانیشتنی ئەندامانی بەرێوبەریی هەڵبژێردراوی کونگرەی چوارەمی یەکیەتی خوێندکاران وەکوو سکرتێری یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێردرا.