کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕیادی رێزگرتن لە کولتووری نەتەوەیی، لەلایەن یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەڕێوەچوو

16:34 - 11 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: ئەو کۆڕیادە لە چەندین بڕگەی جۆراوجۆری تایبەت بە فەرهەنگ، مۆسیقا و نەریتە کۆنەکانی کوردستان لەلایەن کومیسیۆنی پەروەردەی یەکیەتیی لاوانەوە بەڕێوەچوو.


بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، کۆمیسیۆنی پەروەردەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مەبەستی رێزگرتن لە فەرهەنگ و کولتووری کوردەواری، رێکەوتی ٨ی سەرماوەز کۆڕێکیان بەڕێوەبرد.
لە سەرەتای ئەو رێوڕەسمەدا پەیامی کۆمیسیۆنی پەروەردەی یەکیەتیی لاوان لەلایەن \'\'لەیلا محەممەدی\'\' ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ئەو یەکیەتییەوە خوێندرایەوە و دوابەدوای ئەوەش چەندین ئامێری کولتووری مووزیکی کوردی پیشان دران.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا جلوبەرگی تێکڕای ناوچەکانی کوردستانی ئێران پیشان دران و دواتر لەلایەن بەشدارانی رێوڕەسمەکەوە وتە و پەندی نەستەقی پێشینیان گێردرایەوە.
گرووپی شانۆی هاواری نیشتمان نمایشێکی لەژێر ناوی \'\'ماڵی کوێخا\'\' لەسەر شێوازی ژیان و نەریتی خەڵک لە رابردوودا و سەردەمە دێرینەکاندا پێشکەش کرا.
شێوازی بەڕێوەچوونی شایی و داوەت لە کوردستاندا و هەڵپەڕکێی گشتی، بەشێکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەیان پێکهێنابوو.