کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆکردنەوەی یارمەتیی بۆ ئاوارەکانی شنگال، گوندەکانی کوردستانی ئێرانیشی گرتەوە

00:00 - 27 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: پاش رێکخستنی کەمپەینی کۆکردنەوەی یارمەتییەکانی خەڵک بۆ ئاوارەکانی شنگال لەلایەن هاوڵاتییە کوردەکانی دانیشتووی شارە کوردنشینەکانی کوردستانی ئێران، هاوڵاتییە گوندنشینەکانیش پەیوەست بە ریزی ئاشتی و مرۆڤدوستی کوردستانەوە بوون.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، پاش هێرشی داعش بۆسەر هەرێمی کوردستان و ئاوارەبوونی کوردەکانی شنگال، هاووڵاتییانی کوردستانی ئێران بە شێوەیەکی خۆڕسک، کۆمەڵێک کەمپەینیان بۆ کۆکردنەوەی یارمەتییەکانی خەڵک و هەناردنیان بۆ ئاوارەکانی شنگال پێک هێنا.

ئەم کارە لەلایەن چەند هاووڵاییەتی کوردەوە بە شێوەیەکی خۆڕسک لە شاری جوانڕۆ دەستی پێکرد و پاشان زۆربەی شارەکانی کوردستانی وەکوو مەریوان، سنە، سەقز، بانە، دیواندەرە، سەردەشت، بۆکان و سەلاس باوەجانی و هەروەها گەورە شاری کوردستان واتە کرماشانیشی گرتەوە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆیی‌یەکان، کەمپینەکانی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەکانی شنگال گوندەکانی کوردستانیشی گرتووەتەوە.
لەم پێوەندییەدا دانیشتوانی گوندی ئەڵک سەر بە شارستانی کامیاران، رۆژی هەینی ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە کۆکردنەوەی یارمەتیی نەختی و غەیرە نەختی هاتنە ریزی ئەم هەوڵە مرۆڤدوستانەوە.

هەروەها بەپێی راپۆرتێک لە ژاوەرۆی سنە، دانیشتوانی گوندەکانی نییەر و تەنگیسەر بە شێوەی نەختی و غەیرە نەختی یارمەتییان بۆ کوردەکانی شنگال کۆکردەوە.

لە گوندەکانی هانەگەرمەڵە لە شارستانی پاوە و نێ سەربە شارستانی مەریوانیش بە رێکخستنی کەمپەین بۆئاوارەکانی شنگال یارمەتییان کۆکردەوە.