کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣ کۆڵبەری کوردی پاوەیی پاش دانانی بارمتەیەکی قورس، ئازاد کران

18:55 - 10 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: ٣ کۆڵبەری کورد کەلە سنووری شۆشمێ سەربە شارستانی پاوە دەسبەسەر کرابوون، ئازاد کران و بڕیارە دادگایی بکرێن.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ٣ کۆڵبەری دەسبەسەرکراوی کورد لە شاری پاوە کە بە تۆمەتی \'\'لە کۆڵکردنی تەلەفزیۆن لە سنووریی فەرمیی گوندی شۆشمێ\'\' دەسبەسەر کرابوون، پاش ٨ رۆژ بە دانانی بارمتەی ٩٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کران.
زەکریا محەممەدی خەڵکی گوندی \'\'نەروی\'\' و دیدار قادری خەڵکی گوندی \'\'نەجار\'\'ی سەربە شارستانی پاوە، ناوی دوو کەس لەو دەسبەسەرکراوانەیە کە پاش چەند رۆژ بەندکران، ئازاد کراون.
هاووڵاتییەکی ئاگادار لەو مەسەلە بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ئەو کۆڵبەرانە وایان زانیوە کۆڵەکەیان تەنیا تەلەفزیۆنە و لەلایەن خاوەن بارەکەیانەوە ئاگادار نەکراونەتەوە کە کۆڵەکەیان جۆرێک LSDی ماهوارە دارە، هەر بۆیە دەسبەسەر کراون و بە دانانی بارمتەیەکی قورس کە لەلایەن بنەماڵە و خزمەکانیانەوە دابینکراوە پاش ٨ رۆژ ئازاد کراون.
ئەو هاووڵاتییە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ، لە درێژەدا وتی: بڕیارە رۆژی شەممە رێکەوتی ١٢ی رێبەندان لە پاوە دادگایی بکرێن و ئەگەری ئەوە لە ئارا دایە سزای نەغدیی قورسیان بەسەردا بسەپێت.
دەگوترێ لە کۆڵکردنی هەر LSDیەک ٣ میلیۆن تمەن جەریمەی بە دواوە دەبێت و مەزندە دەکرێ هەرکام لەو ٢ کۆڵبەرە بە تۆمەتی هەڵگرتنی ٣٧ LSDی سزا بدرێن.