کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆیه/ بەشداریی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە رێپێوانی پشتیوانی لە کۆبانێ

19:12 - 17 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: رێپێوانێک، بۆ پشتیوانی لە خەڵكی کۆبانێ، بە ئامادە بوونی ئەندامانی یەكیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کۆیە بەڕێوەچوو.
بە پێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنجشەممە، ١٧ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، بە ئامادەبوونی حیزب، رێكخراو و لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵات، رۆژئاوا و باشووری كوردستان كە دانیشتووی شاری كۆیەن، رێپێوانێك بۆ پشتیوانی لە خەڵكی کۆبانێ و مەحكووم كردنی هێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر خاكی كوردستان، خۆپیشاندان و رێپێوانێک بەرێوەچوو.

رۆژێك پێش لە خۆپێشاندانەکه و لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتدا، لە هۆڵی \'\'نەجیبە خان، بە بەشداریی نوێنەری هەموو حیزب، رێكخراو و لایەنە سیاسی و مەدەنییەكانی کوردستان لە شاری كۆیە، بریار لە سەر كات و شێوازی بەرێوەچوونی رێپێوانەكە درا كە بە خۆشییەوە هەموو لایەنەكان بە رۆحێكی نیشتمانپەروەرانەوە، ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لەم کردەوە مرۆڤدۆستانەیە دەربڕی.

پاش یەکلایی‌بوونەوەی بڕیارەکە، كاتژمێر ١١ی بەیانیی ئەمڕۆ، بە ئامادەبوونی سەدان كەس لە دانیشتوانی شاری كۆیە و نوێنەری زۆرینەی رێكخراو و حیزبەكان، هەتا بەر دەرگای قائیم‌مەقامی ئەو شارە، رێپێوان کرا.

لە بەشێکی دیكەی رێپێوانەكەدا، پەیامی لێژنەی ئامادەكاریی رێپێوانەکە خوێندرایەوە.

پاشان لە ژێر ئاڵای كوردستان و بە دروشمی پشتیوانی لە كۆبانێ خۆپیشاندانەکە درێژەی کێشا.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەندامانی ئەو یەکیەتییە چالاکیی بەرچاویان لەو کۆبوونەوەیەدا هەبوو.