کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەکە لە تارانە نەک لە سنوور

16:39 - 26 گەلاوێژ 2716

کەریم پەرویزی

ڕێژیمی فاشیستی- ئیسلامیی تاران، کە بەردەوام و هەردەم سیاسەتی چەواشەکاری و سەرکوت، لە بنەماکانی داڕشتنی ئەم پێکهاتە دژە مرۆییە بوون، وا دەنوێنێ کە کێشە و گرفت و پرسێک لە نێو ئێراندا بوونی نیە و ئەوەی هەیە لە سنوورەکانەوە بە دەستی بیانییەکان و دەزگا سیخوڕییەکانی وڵاتانیتر هەناردەی نێو ئێران دەکرێن و گەر سنوورەکان توند بکاتەوە و لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر ڕێککەوتن بۆ پاراستنی سنور بکا، ئیتر کێشەیەکی نابێ.

ئەم سیاسەتە چەند لایەنەیەی کۆماری ئیسلامی، چەند مەبەستی نگریس دەکاتە ئامانج کە بریتین لەوەی:

یەکەم- نیشان بدا کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵکانی ئێران و نەتەوە ستەملێکراوەکان لە نێو ئێراندا، هیچ کێشەیەکی نیە و ئەوان بە ئاسوودەیی و بەوپەڕی دڵخۆشی بەرانبەر بە ڕێژیم، ژیان بەسەر دەبەن و ڕێژیم ئەوپەڕی مێهروەرزیی بەرانبەریان هەیە. بەم شێوازە وا بنوێنێ کە تەنانەت گەر لە نێو خەڵکدا کەسانێکیش هەبن کە ناڕەزایەتییەکیان هەبێ، هەر بێدەنگن و ملکەچن بەرانبەر بە ڕێژیم.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە هەموو نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران، و بەشێکی زۆر لە نەتەوەی فارسیش کە خوازیاری ئازادین، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ڕێژیمێکی ناڕەوا دەزانن، و لە هەر دەرفەتێک بۆ نیشاندانی ناڕەزاییان بەرانبەر بە ڕێژیم کەڵک وەردەگرن. نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد، ڕێژیمی تاران بە ڕێژیمێکی فاشیستیی سەرکوتکەر دەناسن، کە بە پێڕەوکردنی خەتی توندئاژۆیی ئیسلامی، لەجۆری داعشی ویلایەتی فەقیهی، بە هەزاران مرۆڤی ئەم وڵاتەی کوشتار کردووە.

دووهەم –دەیەوێ بە بەلاڕێدابردنی بیروڕای خەڵک بۆ دەرەوەی سنوورەکان، بە وڵاتانی دەوروبەر بڵێ کە، ئێوە سەرچاوەی کێشەکانن لە ئێراندا و ئەوان دەبێ ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی ئێران وەئەستۆ بگرن.

بەم شێوەیە بۆ وێنە لە پرسی کورددا، بەرپرسایەتییەکان لەسەر شانی خۆی لاببا و کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان بە گژ یەکدا بداتەوە، و کێشەیەک کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەرچاوەکەیەتی، بکا بە کێشەی نێوماڵی کورد، لە دوو بەشی جیای کوردستاندا.

لەکاتێکدا کە کورد و کوردستان باش دەزانن کە کۆماری ئیسلامیە کە هەموو ماف و ئازادییەکانی خەڵکی پێشێل کردووە، و بەهێزبوونی خەباتی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەهێزبوونی کوردستانی باشووریشی بەدواوە دەبێ.

سێهەم- هەوڵ دەدا کە سیمای فاشیستیی خۆی، لەژێر ناوی بەربەرەکانێ لەگەڵ تێکدەرانی ئارامی‌دا بشارێتەوە، و وا بنوێنێ کە گرووپێکی دەسکردی بیانی، دەیانەوێ ئاسایشی خەڵک تێک بدەن.

لەکاتێکدا ئەم ڕێژیمە هەرچەند ڕەهەندێکی توندئاژۆی ئیسلامیی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕەهەندێکی شۆونیستی- فاشیستیی هەیە کە هەموو جۆرە هەڵاواردن و سەرکوتکاریەک بەنیسبەت نەتەوە و گرووپە جیاوازەکانەوە بەڕێوە دەبا، و دەیەوێ هەموو کۆمەڵگا بە زەبری پۆتین و سەرەنێزە و زیندان، یەکرەنگ و یەکدەست بکاتەوە، و هەر نەتەوەیەک دەنگی ناڕەزایی هەڵ بڕێ، یان لەبەرانبەر هێرشەکانی ڕێژیمدا دەست بداتە چەک بۆ بەرگری لەخۆی، بەم شێوە بە دەسکردی بیانیی بناسێنێ، لەکاتێکدا کە ئەوانە ڕۆڵەی ڕاپەڕیو و ڕاساوی گەلن، و بە چەواشەکارییەکانی ڕێژیم ئەژنۆیان شل نابێ.

چوارەم- ڕێژیمی ئیسلامیی تاران کە خۆی بەسراوە بە بیانییەکانە و لە پێناوی مانەوەی خۆیدا، هەموو ئیمتیازێک بە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و ڕووسیە و چین و تەنانەت بۆرکینافاسۆش دەدا، بە باسکردنی کێشەی نەتەوەکان، بە ناوی کێشەی سنوورەوە، دەیەوێ وا نیشان بدا کە ئەو خەباتەی نەتەوەکان و بەتایبەت نەتەوەی کورد، خەباتێکی ناڕەوای بەسراوە بە بیانییەکانە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە خەباتی هەموو نەتەوەکان لە ئێران، و خەباتی ئازادیخوازنی نێو نەتەوەی فارسیش، خەباتێکی هەڵقوڵاوی نێو کۆمەڵانی خەڵکە و لەوپەڕەکەی خۆیدا، گەر ئەو خەبات و تێکۆشنانانە لە وڵاتانی دەرەوە و لە نێو کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان و بونیاتە نێونەتەوەییەکاندا بە دوای پشتیواندا بگەڕێن، نەک کارێکی نادروستیان نەکردوە، بەڵکوو ئەرکێکی مرۆیی هەمەگیرە کە لە ئاستی جیهانی و ناوچەدا، یارمەتیی خەڵکانی ئێران و نەتەوەکانی ئێران بدەن، تاکوو ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە نێو ببەن، ڕێژیمێک کە سەرچاوەی تیرۆر و ئاژاوە و دەستدرێژی بەماف و خاک و سنووری هەموو گەلانی ناوچەیە.

بەم پێیە و لە کۆتاییدا، دەبێ تەئکید بکەیەنەوە کە بەپێچەوانەی پڕوپاگەندە و پەلەقاژەکانی کۆماری ئیسلامی، کێشە و پرسی نەتەوەکان لە ئێراندا، نەک پرسی سنوورەکان و شتێکی هاوردە کراو نیە، و سەرچاوەی گرفتەکان لە دەرەوی سنوورەکان نیە، بەڵکوو کێشەکە ڕێک لەتاراندایە و لە بەیتی ڕێبەریی ڕێژیمەوە دەست پێ دەکا.