کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی زەوی و هەڵخراندنەکانی هێزەکانی رێژیم لە کوردستان، زیاتر لە ٤٠ قوربانیی لێ کەوتەوە

17:04 - 10 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: لە دوو رووداو و دەرگیریدا بە شێوەیەکی جیاجیا لەسەر زەوی و زار، هاووڵاتییەک کوژرا و زیاتر لە ٤٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە رێگەی جۆراوجۆرەوە هەوڵی ئاژاوەنانەوە لە نێوان هاووڵاتییان و دروست کردنی پشێوی لە نێوانیاندا دەدات و لە هەر سووچێکی ئەم کوردستانە گەر گرفتێکی چووکە هەبێت، بە چەشنێک گەورەی دەکاتەوە کە کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییانی لێ دەکەوێتەوە.

هاووڵاتییانی دوو گوندی ناوچەی باینگان لە پاوە، لەسەر خاوەنداریەتیی بەشێک لە لێڕەوارەکانی نێوان هەر دوو گوند بە شەڕ هاتوون کەلە ئەنجامدا هاووڵاتییەک بەناوی \'\'عیرفان باینگانی\'\' کوڕی سلێمان کوژراوە و زیاتر لە ٤٠ کەسیش بە توندی بریندار بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: هاووڵاتییانی ئەو دوو گوندە ویستوویانە بە شێوەیەکی ئاشتییانە و لە رێگای دانووستانەوە کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام بە هۆی دەستیوەردانەکانی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، شەڕ و تێکهەڵچوون هەڵگیرساوە.

هەواڵدەریی حکوومەتیی فارس بە شێوەیەکی چەواشەکارانە ئەو رووداوەی رووماڵ کردووە و نووسیویەتی: هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم ئەو تێکهەڵچوونەیان دامرکاندووە.

دەستێوەردانی هێزەکانی رێژیم و ئاژاوەگێڕییەکانیان جێی رەزامەندیی هاووڵاتییانی ئەو گوندە نەبووە و لایەنەکانی دەرگیر، هێرشیان کردووەتە سەر هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران و ئیزنی دەستێوەردانیان بەو هێزانە نەداوە.

ئەو دەرگیرییە لە نێوان دوو خێڵی \'\'بێوەنی\'\' و \'\'باینانێ\'\' لە ناوچەی \'\'هەڕەگاڵ\'\' رووی داوە.

پێشتریش هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی \'\'ئارمان\'\' بەهۆی کێشەی زەوی و زار و دروست بوونی دەرگیری لە دیواندەرە بریندار ببوو.

رووداوە بەو شێوە بووە، کەسێکی هەلپەرست کەلە رێگای جۆراوجۆرەوە سەنەدی بۆ بەشێک لە زەوییەکانی گوندی کەسنەزان سەربە بەخشی کەرەفتوو لە دیواندەرە دەرهێناوە، لەگەڵ خاوەنەکانیان بە شەڕ هاتووە و بە پێمەڕە هێرشی کردووەتە سەر یەکێک لەو خاوەن زەوییانە و بە توندی برینداری کردووە.

هاووڵاتییانی گوندی کەسنەزان دەڵێن: سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە سەنەدمان بۆ ئەو زەوییانەمان لە ئیدارەی کاروباری جیهادی کەشاوەرزی دەرهێناوە، بەڵام بەو حاڵەش ئەو ئیدارەیە ئەو زەوییانەی بەناوی کەسێکی دیکەوە کردووە و لە ئەنجامدا ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونە هاتووەتە ئاراوە.