کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی چارەسەرنەکراوی زبڵ و خاشاکی بیناسازی لە شاری دێگولان

14:51 - 14 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: نەبوونی شوێنێک بۆ لە ناوبردنی زبڵ و رێژەی لە رادەبەدەری زبڵ و پاشماوەی بیناسازییەکان لە دەورووبەری شاری دێگولان کێشەی ژینگەیی بۆ هاووڵاتییان ئەو شارە دروست کردووە.
بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، زبڵ و پاشماوە و پیس‌بوونی ژینگە لە شاری دێگولان ناڕەزایەتی بەرینی هاووڵاتییانی ئەو شارەی لێکەوتووەتەوە و ئەو ناڕەزایەتییە کێشراوەتە ناوەندەکانی پێوەندیداری رێژیمی ئێران و ئەو ناوەندانە هیچ هەوڵێکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە نەداوە.

یەکێک لە هۆکارەکانی زۆربوون و مانەوەی زبڵ لەو شارەدا، نەبوونی شوێنێکی تایبەت بۆ لە ناوبردنی زبڵ و هەروەها راگواستنی پاشماوەی بیناسازی بە شێوەیەکی ستاندارد بۆ دەرەوەی شارە.

لەو پێوەندییەدا نەبوونی جێگای شیاو بۆ لە ناوبردنی زبڵ لە شاری ئیلام و لە ناوبردنی زبڵ بێ رەچاوکردنی یاسای ژینگەپارێزی بووەتە هۆی ئەوە ئاوی خواردنەوەی ئەو شارە بکەوێتە مەترسییەوە.

شاری ئیلام زیاتر لە ١٨٠ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە و هیچ جێگایەکی دیاریکراوی بۆ لە ناوبردنی زبڵ نییە و ئەو مەسەلەیە نیگەرانی هاووڵاتییان لێکەوتووەتەوە.

نەبوونی شوێن و جێگایەکی تایبەتی بۆ لە ناوبردنی زبڵ بە شێوەی ستاندارد کێشەیەکی گەورەی بۆ خاوێن‌بوونی ئاوی خواردنەوەی ئیلام دروست کردووە و ئەوەش هەڕەشەیەکە بۆسەر تەندروستی هاووڵاتییانی ئەو شارە.

11064.jpg


هەروەها، زیاتر لە ٨٠% لە ١٧٠٠ گوندی پارێزگای کوردستان شوێنی لە ناوبردنی زبڵیان نییە و ئەو زبڵەش لە سروشتدا بڵاو دەبێتەوە و مەترسی بۆ تەندروستی گوندنشینان، ئاژەڵان و کشت‌وکاڵ دروست دەکات.

هەنووکە ژیانی دانیشتوانی زیاتر لە ١٣٦٠ گوند بەهۆی نەبوونی شوێنی زبڵ و خاشاک لە مەترسی دایە.

هەر لەو پێوەندییەدا دابین نەکردنی بوودجەی پێویست بۆ لە ناوبردنی زبڵ لە شاری سەڵماس بووەتە هۆی ئەوە کە ١٥٢ گوندی ئەو شارە تەنیا شوێنێکی دیاریکراویان بۆ لە کۆکردنەوە و لەناوبردنی زبڵ هەبێت.