کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەرکووک و سێ راستی

20:56 - 30 رەزبەر 2717

کەریم پەرویزی

کارەساتی ئەم دواییانە کە لە کوردستانی باشوور بەسەر کورددا هات، رەنگە یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی مێژووی کورد بێ کە تا لێواری گەیشتن بە هەندێک لە خەونەکانی نیزیک ببوویەوە بەڵام لەناکاو لەخەویان راچڵەکاند و رووئیایان لێ کرد بە کابووس! ئەم تراژێدیا تاڵەی کەرکووک، سێ راستیی سەلماندەوە بۆمان:

یەکەم: بەپێی هەندێک لە تیۆرییەکان دەڵێن، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دڵی ژیۆپۆلیتیکی جیهانە و هەر ئەم دڵ‌بوونەش بۆتە هۆی ئەوە کە بەردەوام لە لێدان بێ! بەو واتایە کە لە هەر لێدانێکدا دەلەرێتەوەو لەرانەوەشی رووداو و تراژیدیا و حەماسەی بە دواوە دەبێ و رەنگە بۆ هەتاهەتایە ناوچە سەقامگیری بەخۆوە نەبینێ! چوونکە سەقامگیری یانی ئیتر دەبێ ئەو دڵە لە لێدان بکەوێ و ئەوەش یان دەبێ ناوچەکە بەتەوای وێران ببێ و دڵەکە بمرێ یان دڵی جیهان بۆ شوێنی دیکە بگوازرێتەوە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وردە وردە لێدانەکانی کەم بکاتەوە.

دووهەم: لەم دڵە ژێئۆپۆلیتیکەی جیهاندا، کەرکووکی لێوانلێلو لە نەوت، سەرچاوەی خوێن (هەمان نەوت) بۆ دڵەکە و لە راستیدا بۆ جیهانە و بە واتایەکی‌تر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا کەرکووک دڵی ژێئۆپۆلیتیکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. لەم دڵەی ناوچەیەش، نەوت بۆتە هۆی ماڵوێرانی بۆ خەڵکەکەی و قەت خێریان لەو نەوتە نەبینیوە و قەتیش خێری لێ نابینن مەگەر ئەوەی دەوڵەتی خۆیان هەبێ، ئەویش دەوڵەتێک کە نەوتەکە نەکا بە چەک و تەقەمەنی و ...، بەڵکوو نەوتەکە بکا بە دابینکردنی ژیانی ئاسوودە بۆ خەڵک و گەشەدانی دێموکراسی، کە ئەویش لەو خەونە خۆشانەیە کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و لە پەنا دەستی دەریای نەوتدا زۆر ئەستەمە بێتە دی.

هەر دەسەڵاتێک دەست بەسەر کەرکووکدا بگرێ، لە راستیدا دەتوانێ دەست بەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یان بەشێکی گرینگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بگرێ و هەربۆیەش گەلەکۆمەیەکی ناوچەیی و بە ئاگاداریی زلهێزەکانیش بۆ سەر کەرکووک کرا تاکوو نەکەوێتە ژێر دەستی دەوڵەتێک بە ناوی دەوڵەتی کوردستان و هەروەک بەرپرسانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی دوای کارەساتەکە رایانگەیاند ئەوان رێگا نادەن کەرکووک بکەوێتە دەست دوژمن، کە گەورەترین دوژمن بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، کوردستانە. ئێستا هەموو ئەکتەرە کردەیی و ئاشکرا و پشتی پەردەکان، لە نەوتی کەرکووکدا بەشدار دەبن و بە هاوبەشی دەیخۆن، تاکوو دڵ لێدانێکی دیکە و دووبارە دابەشکردنەوەی بەرژەوەندییەکان و داڕشتنەوەی باڵانسی هێز.

سێهەم: کوردستان بە درێژایی مێژووی، ئەوەندی من خوێندبێتمەوەو لێی ئاگادار بم و رەنگە زۆری لێ نەزانم، بەردەوام دووانەی تراژێدی و حەماسەی پێکەوە هاتوون. لاپەڕە بە لاپەڕەی مێژووی کورد دێڕێکی تراژیدیایە و دێڕێکی حەماسەیە. تراژیدیاکەی بۆ هەڵکەوتە جوغرافیاییەکەی دەگەڕێتەوە کە رێک لەسەر هەزار ڕێیانێک هەڵکەوتووە کە بە هەرلایەکدا دەڕوانێ خەڵک و گرووپێک بەرەوڕووی دێن و دەیانهەوێ تێپەڕن و بڕۆن شوێنی دیکە داگیر بکەن و ئەمیش لە سەر رێگا هەڵکەوتووە و زەربەیەکی لێ دەدەن و تراژێدیایەک دەقەومێ. هەر ئەم زەربە بەردەوامانە و جوغرافیاکەی کە شاخاوییە و فێری بەرخۆدان و راوەستانی کردووە، خاراویان کردۆتەوە و لە دەرەتانێکی تردا هەستاوەتەوە و حەماسەی خوڵقاندووە کە ئەگەر ئەو دووبارە هەستانەوە و حەماسانە نەبوونایە، چەند هەزار ساڵ پێش ئێستا، کورد بەتەواوی دەسڕایەوە و تەنیا لە نێو مووزەکاندا دەبوا بەدوایدا بگەڕێی، بەڵام هەمیشە لە رووداوەکاندا بەشێکی گرینگی ئاڵوگٶڕەکانە.

لێدانی دڵ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوامە و دابەشبوونەوەی بەرژەوەندی و پارسەنگی هێزیش بەردەوام، هەر بۆیە مێژووی کوردیش بەردەوامە و زۆر جاریش دووپات دەکرێتەوە، بەڵام لە ئێستادا کە دەوڵەتی تاران و بەغدا یەکیان گرتووە، لێدانێکی دڵ لە ناوچە رەنگە هەردووکیان پێکەوە بخا!