کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرتنەوەی بەنداوی تالوار، ٢٢ ئاسەواری مێژوویی لەناو دەبات

17:20 - 19 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: بە گرتنەوەی بەنداوی تالوار لە شارستانی بیجار ئاسەوارە مێژوویی و سروشتییەکانی ئەو شارستانە لە ناو دەچن.
هەواڵدەریی \'\'مێهر\'\' بڵاوی کردەوە، هەنووکە لە پارێزگای سنە زیاتر لە ١٠ بەنداو لە حاڵی دروستکردن دان و ئەمەش ئاسەوارە مێژوویی و سروشتییەکانی ئەو پارێزگایەی خستووەتە مەترسییەوە.

گرتنەوەی بەنداوەکان لە پارێزگای سنە سەرەڕای ئەوەی کە زیان بە ئاسەوارە مێژوویی، فەرهەنگی و سەروشتییەکانی پارێزگای سنە دەگەیەنێت، لەلایەکی دیکەشەوە هۆکارێک دەبن بۆ زیاتربوونی گرفتی کەم ئاوی بۆ دانیشتوانی ئەو پارێزگایە.

بەپێی راپۆرتەکان لە تێکڕای ئەو بەنداوانە کەلە پارێزگای سنەدا گیراونەتەوە، نەک لە ئاوی هیچکام لەو بەنداوانە بە بەرژەوەندەیی هاووڵاتییاندا کەڵکی لێ وەرناگیردرێت، بەڵکوو لەدژی هاووڵاتییان بە کار دەهێنرێن و بووەتە مەترسییەک بۆ سامانی گشتی و ئاسەوارە مێژوویی‌یەکانی کوردستان.

شارستانی بیجار بە پێشینەی شەش هەزار ساڵ، کۆمەڵێکی زۆر ئاسەواری مێژوویی و نەریتیی تێدا هەڵکەوتووە، کە هەنووکە بەهۆی دروستکردنی بەنداوی تالوار کەوتوونەتە مەترسییەوە.

لەو پێوەندییەدا کارکردن و دەستێوەردانی دەرەکی لە ئاسەوارە سروشتییەکان بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەرچاوی ئاویی کانی بڵ ژیانی ئەو کانیاوەی خستووەتە مەترسییەوە و ئەمەش ناڕەزایەتیی چالاکانی ژینگەپارێزیی لێ کەوتووەتەوە.

ئەمە لە کاتێک دایە کەلە داهاتوویەکی نزیکدا بەهۆی گیرانەوەی بەنداوی داریان، سەرچاوی کانیی بڵ بە تەواوەتی دەچێتە ژێر ئاوە و لەناو دەچێت.