کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپە توندئاژوە ئیسلامییەکان لە کوردستان، لاوان بەرەو بەرەکانی شەڕی سووریە و عێراق هان دەدەن

15:02 - 14 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: بە کرانەوەی فەزایەکی توندئاژۆی مەزهەبی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە، مۆرە چالاکەکانی گرووپە توندئاژوەکان لە شارەکانی کوردستان، رۆژانە لاوانی کورد بۆ پەیوەست بوون بەم گرووپانە لە وڵاتانی دراوسێ رادەکێشن.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دەست و پێوەندییەکانی گرووپە توندئاژوە ئیسلامییەکان لە شارەکانی سەقز، بۆکان، بانە و گوندی دزڵی سەربە شارستانی سەوڵاوا، بە کەڵک وەرگرتن لە فەزایەک کە لەلایەن رێژیمەوە بۆیان رەخساوە و کەڵکاوەژوو گرتن لە کۆمەڵێک گرفتی وەکوو بێکاری، تەڵاق و شەڕانگێزی کە بەرۆکی لاوانی کوردستان گرتووە، رۆژانە بە شێوەیەکی ئاشکرا، یان نیوە نهێنی چالاکی دەکەن.

بەپێی ئەم راپۆرتە کەسێک بەناوی \'\'م. ع\'\' ناسراو بە \'\'مەلا محەممەد یەکشەوە\'\' لە رێگەی مینبەری مزگەوتەکانەوە و بەناو بەڕێوەبردنی بۆنە ئایینییەکان و رێنوێنی کردن و هەروەها رێکەوتن لەگەڵ ئەو سیخوڕانەی کەلە شوێنە گشتییەکانی شار و لادێکانی کوردستاندا هاتوچۆ دەکەن، لاوانی شارەکانی سەقز، بانە بۆ بەرەکانی شەڕی گرووپە توندئاژوە ئیسلامییەکان و رێکخراوە هاوسانەکان رادەکێشن.

بەگوێرەی راپۆرتی کوردستان میدیا، کەسێکی دیکە لەو دەست و پێوەندیی ئەو گرووپە توندئاژۆیانە کەلە ئاستی شاری بۆکاندا بەناوی \'\'مەلا محەممەد کۆسە\'\' ناسراوە سەرەڕای راکێشانی دەمارگرژانە و هەڵخڕێنەرانەی لاوانی کوردی ئەم ناوچەیە، کوردستانیان کردووەتە شوێنی کۆبوونەوە و مەکۆی ژمارەیەکی زۆر لە تەڵەبەکانی بەلووچستان و کۆمەڵێک ناوچەی سوننی‌نشینی دیکەی ئێران.

لەم پێوەندییەدا، کەسانێکی نەناسراوە بە پەخش کردنەوەی بڵاوکراوە و راگەیەنراوەکانی گرووپە توندئاژۆکان لە گوندی دزڵی سەربە شارستانی سەوڵاوا لە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی چالاکیی گرووپیی خۆیان لەو گوندە دان.

ئەم بابەتە نیگەرانیی زۆربەی بنەماڵەکان و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرە فەرهەنگی و مافی مرۆڤی لێ کەوتووەتەوە و هەنووکە نوێترین هەڕەشە بۆسەر لاوانی کوردستان و کورد لە قەڵەم دەدرێت کە بە سەرنجدان بە بەستینە پەرۆشهێنەرەکانی کۆمەڵگای کوردستان کە بەرهەمی سێ دەیەی دەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە، گرفت و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو دیاردەیەکی هەستیار، هەلومەرجی لەناوچوونی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و بایەخە نەتەوەی و نیشتمانییەکانی هەموار کردووە.