کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، كۆنفرانسێكی لە بارەی تاوانەكانی رێژیمی ئێران بەڕێوە برد

16:11 - 23 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، هاوكات لەگەڵ بەڕێوە چوونی كۆبوونەوەكانی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ژنێڤ، كونفرانسێكی لەسەر تاوان و جینایەت و پێشلكارییەكانی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئێران، بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئەو كۆنفڕانسە رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ٢١ی خەرمانان بۆ بەڕێزان: دوكتور كارن پاركر سەرۆكی رێكخراوی گەشەپێدانی پەروەردەیی نێونەتەوەیی، شادی سەدر دامەزرێنەری رێكخراوی دادپەروەری بۆ ئێران، ژیانفرانكۆ فاتۆرینی لە ریكخراوی بزووتنەوەی دژی راسیزم و بۆ دۆستایەتی نێوان گەلان و خانمی دیان عەلایی نوێنەری هەمیشەیی بەهایی‌یەكان لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پێكهات.
كۆنفڕانسەكە بە وتەی بەڕێزان تەیموور ئەلیاسی نوێنەری كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران ــ ژنێڤ و دوكتور كارن پاركر دەستی پێكرد. تەیموور ئەلیاسی لە كردنەوەی كۆنفڕانسەكەدا باسی فتوای خومەینی لە ساڵی ١٩٧٩‌ی زاینی دژی گەلی كورد، كوشتاری زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، تیرۆری دژبەرانی كۆماری ئیسلامی بە تایبەت تیرۆری د. قاسملوو و د. سەعیدی لە ئوتریش و ئاڵمان كرد.
لەلایەكی دیكەوە كارن پاركر ئاماژەی بە كوشتاری زیندانییە سیاسییەكان و ئیعدامی خەباتگێڕانی نەتەوەكانی ئێران، كورد، عەرەب، بەلووچ و ئازەری كرد و بەڕێز ژیانفرانكۆ فاتۆرینی باسی كوشتارەكانی ساڵی ١٩٨٨ی زایینی و دواتری رێژیمی ئێرانی كرد، ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد كە حەسەن رۆحانی لەو كوشتارەدا دەوری هەبووە.
ژیانفرانكۆ تیرۆری ناڕازییان و بێدەنگی نێونەتەوەیی بە بێدادی دژی مرۆڤایەتی ناوبرد و داوای لە كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد کەلە دۆسیەی ئەو كوشتارانە بكۆڵێتەوە.
ژیانفرانكۆ لە درێژەی باسەكەیدا ئاماژەی بە چەندین جار هێرشی بۆسەر كەمپی ئەشرەف كرد.
هەر لەو پێوەندییەدا شادی سەدر لە قسەكانیدا باسی لە پێشلكارییەكانی مافی مرۆڤ و بە تایبەتی ژنانی زیندانی كرد و دەستدرێژیی جنسی بۆسەر ژنان و بە تایبەتی كچان بەرلە ئیعدام لەلایەن كار بەدەستانی زیندانەكانەوە بە فتوای شەرعی رێبەرانی كۆماری ئیسلامی و چەكێكی سیاسی بۆ شكاندنی ورەی بەرگری زیندانییانی سیاسیی ژن ناوبرد.
سەدر ئاماژەی بە چەندین بەرپرسی پلە بەرزی رێژیمی ئێران لە دەورەی رۆحانیدا كرد كەلە ئەشكەنجە و جینایەتەكانی زیندانەكان و ئێعدامی ناڕازییان بەشدار بوون.
دواتر فیلمێكی دیكۆمێنتاری لەسەر دەستدرێژی جینسی بۆسەر ژنان لە زیندانەكان نیشان درا.
لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆنفڕانسەدا خانمی دیان عەلایی باسی بارودۆخی بەهاییەكانی لە ئێران كرد و وتی: كوشتار و گوشاری سەر بەهایی‌یەكان بەشێك لە سیاسەتی هەڵاواردنی رێژیم دژی كەمایەتییە ئایینی و مەزهەبییەكان لە ئێران دایه.