کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران ـ ژنێڤ، كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی بەڕێوە دەبات

16:26 - 21 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: كۆمەڵەی مافی مرڤی كوردستانی ئێران ـ ژنێڤ لەسەر كوشتاری بە كۆمەڵەی زیندانیانی سیاسیی لەئێران كە بەپێی بڕیاری خۆمەینی ئەنجام درا، كۆنفرانسێك لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوە دەبات.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئەو كۆنفڕانسە بڕیارە ئەمرۆ پێنجشەممە رێكەوتی ٢١ی خەرمانان (١٢ی سێپتامبر) لە هۆڵی ژمارەی 2‌ی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوە بچێت و ئەو كۆنفرانسە هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی ٢٤ـەمین خولی كۆبوونەوەكانی شۆرای مافی مرۆڤ لە ژنێڤ.

تەوەری كۆنفڕانسەكە بریتیی دەبن لە:

كوشتاری بە كۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لەئێران، فتوای خومەینی لە ساڵی ١٣٦٧دژی گەلی كورد و كوشتار لەكوردستانی ئێران، تیرۆری دژبەران لەدەرەوەی وڵات، دەستدرێژی جینسی لەزیندانەكانی ئێران.

شادی سەدر نوێنەری رێكخراوی عیدالەت بۆ ئێران، جیافرانكۆ فاتۆرینی نوێنەری هەمیشەیی بزووتنەوەی دژی راسیسم بۆ ئاشتی نێوان گەلان، دوكتور كارن پاركر سەرۆكی رێكخراوی پارێزەرانی مافی مرۆڤ، ناسر بولادای نوێنەری كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێران، دیان عەلایی نوێنەری بەهاییەكان لەرێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەشدارانی ئەو كۆنفڕانسە دەبن.

بەڕێوەبەرانی كونفرانسەكە تەیموور ئەلیاسی نوێنەری كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران ـ ژنێڤ لە شۆرای مافی مرۆڤ و د. كارن پاركر نوێنەری رێكخراوی نێونەتەوەیی پەرەپێدانی خوێندن دەبن.