کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢ كۆڵبەری كورد لەناوچە سنوورییەكانی كوردستانی رۆژهەڵات بە دەستڕێژی هێزەكانی رێژیم كوژران

01:22 - 20 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: دوو كۆڵبەری كوردی خەڵكی شارەكانی ماكۆ و بانە لەناوچە سنوورییەكانی كوردستانی رۆژهەڵات بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران گیانیان لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا و پشت بەستن بە سەرچاوەكانی هەواڵ، سەجاد چووپانی تەمەن سی ساڵ و خەڵكی شاری ماكۆ لە كوێستانەكانی نێوان ماكۆ و بازرگان لەلایەن هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە كوژرا.
هەر لەو پێوەندییەدا ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپاش وێڕای پشت راست كردنەوەی ئەو هەواڵە بڵاوی كردۆتەوە، تەرمی سەجاد چووپانی لە كوێستانەكانی ماكۆ لەلایەن هاووڵاتیانەوە دۆزراوەتەوە.
لەلایەكی دیكەوە كۆڵبەرێكی دیكەی كورد بە ناوی محەممەد كەریمی پوور و تەمەن ٢٥ ساڵ، خەڵكی ناوچەی بانە كەوتۆتە بۆسەی هێزە نیزامییەكان و گیانی لێ‌ ئەستێنراوە.

محەممەد لە كاتی تێپەڕینی بە ناوچەی ئەحمەدئاوادا تەقەی لێكراوە و بەوتەی كەسانی ئاگادار ئەو كۆڵبەرە كوردە هیچ كەلوپەلێكی پێ‌ نەبووە.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لە سەرەتای ساڵەوە هەتا ئێستا سێ‌ كۆڵبەری كورد لەناوچە سنوورییەكانی كوردستان بەتەقەی هێزەكانی رێژیم كوژراو و بریندار بوون.
لە كۆی گشتیی ئەو رێژەیە دوو كۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و یەكێكی دیكەش بریندار بووە.