کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆڵبەرێكی سەردەشتی لەپێناو دابین كردنی بژێوی ژیانی لەلایەن هێزەكانی رێژیمی ئێرانەوە كوژرا

17:52 - 5 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: كۆڵبەرێكی كوردی خەڵكی ناوچەی سەردەشت لەخاڵە سنوورییەكانی كوردستان بەدەستی هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران كوژرا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، شەوی شەممە رێكەوتی ٤ی جۆزەردان ژمارەیەك لەكۆڵبەر و كاسبكارانی كورد لەشوێنێك بەناوی شیلانێ‌ كەوتنە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمی ئێران.
لەئەنجامی ئەو دەستڕێژییەدا كۆڵبەرێك بەناوی زانكۆ كوڕی قوربان و خەڵكی ئاوایی قەڵەڕەشی سەردەشت گیانی لەدەست دا.
بە پێی مادەی ٧ لەیاسای بەكارهێنانی چەك لەلایەن هێزە چەكدارەكانی رێژیمی ئێرانەوە، پێشتر دەبێ ئاگادار كردنەوە (اختار) بە كەسی تاوانبار یان گومان لێكراو بدرێ و ئەگەر ئەنجامی نەبوو لەقۆناغی دووهەمدا تەقەی هەوایی بكرێ و ئەگەر تەسلیم نەبوو لە كەمەر بۆ خوارێ بپێكرێ و كاتێك تەقە لەكەمەر بەرەو خوار دەكرێ تەنیا دەبێ لەلاقی بدرێت.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەماڵپەڕی كوردستان میدیا لە مانگی بانەمەڕدا ١٤ كۆڵبەر و كاسبكاری كورد بە تەقەی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئێران لەناوچە سنوورییەكانی كوردستانی رۆژهەڵات و هەروەها رووداوی مین ـەوە كوژراو و بریندار بوون.

لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٤كۆڵبەری كورد بەتەقەی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی تاران كوژراون و هەروەها ١٠ی دیكەش هەر بە دەستڕێژی چەك و رووداوی مینەوە بریندار بوون.