کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆڵبەرێكی كورد بەدەستڕێژی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمی ئێران گیانی لێ‌ ئەستێنرا

04:03 - 22 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: كۆڵبەرێكی كوردی خەڵكی پیرانشار لەناوچە سنوورییەكان، بەتەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمی ئێران گیانی لێ‌ ئەستێنرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئێوارەی رۆژی شەممە رێكەوتی ٢١ی بانەمەڕ سەید چیا پەرهیزكار تەمەن ٣٠ ساڵ، كوڕی سەید محەممەد و خەڵكی ئاوایی تركەشی سەر بە ناوچەی بەری مێرگانی پیرانشار بەتەقەی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران كوژرا.
ئەو كۆڵبەرە كوردە لەشوێنێك بەناوی مێرگژانی پیراشار كەوتۆتە بۆسەی هێزەكانی رێژیم و لەئەنجامدا گیانی لێ‌ ئەستێنراوە.
یەكێك لەنزیكانی بنەماڵەی سەید چیا بەماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند، ئەو كۆڵبەرە كوردە تەنیا بژێوی ژیانی كاری سەر سنوور بوو و ئەو كارەش لەئەنجامدا بە نرخی لەدەستدانی گیانی تەواو بوو.

ئەو هاووڵاتییە كە نەیهەویست ناوی ئاشكرا بكرێ‌ وتیشی: سەید چیا خێزاندار بووە و هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵەش تەرمی ئەو كۆڵبەرە كوردە لەسەری مێرگژانە و بنەماڵەكەی نەیانتوانیوە تەرمەكەی ببەنەوە ئاوایی تركەش.