کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٧ی سەرماوەز، پەڵەیەکی ڕەشی دیکە بەنێو چاوانی کۆماری ئیسلامییەوە

15:18 - 17 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: ٢٠ ساڵ لەمەوپێش و لە وەها ڕۆژێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران جارێکی‌تر جینایەتکاری و تێرۆریست بوونی خۆی بە جیهان سەلماند.

ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی کۆماری تێرۆریست‌پەروەری ئیسلامی ئێران چییەتی ڕاستەقینەی خۆی جارێکی دیکە پیشانی هەموو خەڵکی جیهان دا و سەلماندی کە ماکەی سەرەکی تێرۆرە.

لەم جینایەتەدا کە لە نیزیک شارۆچکەی دوکان و دەروازەی شاری کۆیەی کوردستانی باشور ڕوویدا، کۆماری ئاخوندی توانی چەند تێکۆشەری دیاری نێو بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەمان تێرۆر بکات کە بریتی بوون لە: شەهید مەنسوور فەتاحی ناسراو بە مەنسووری ڕەشە هەورامی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەهید مەنسوور ناسری کادری لێوەشاوەی حیزب و جێگری کۆمیتەی ناوەندی، شەهید ساماڵ ئیسماعیلی بەرپرسی کۆمیتەی بانە، شەهید ڕەفعەت حسەینی و شەهید یەدوڵا شیرین‌سۆخەن دوو پێشمەرگەی بەوەج و وەفاداری حیزب.

ئەم کاروانە لە تێکۆشەرانی دێموکرات لەو ڕۆژەدا لە شاری سلەیمانییەوە بەرەو کۆیە وەڕێکەوتبوون تاکوو لە دوایین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پێش لە کۆنگرەی ١١ هەمی حیزب بەشداری بکەن کە لە نیزیک شارۆچکەی دوکان کەوتنە بۆسەی چەکدارەکانی قەرارگای ڕەمەزانی سپای پاسداران و فەرماندە قارەمانەکەی دێموکرات لە نێو ماشینەوە لێیان دێتە دەست و هێرشەکەیان پووچەڵ دەکاتەوە. بازەکەی کۆساڵان بۆسەکەی تێک شکاند وتیرۆریستانی تارانی تاراند و دەستی بەسەر ماشینێکی سوپای پاسداراندا گرت کە بەڵگەیەکی زۆر و گرینگی لە خەیانەت و پیلانگێڕیی تێدا بوو.

بەداخەوە مەنسووری فەتاحی لەم نێوانەدا پێکرا و لە رێگای گەیشتن بە نەخۆشخانە شەهید بوو. کاتێک کە کۆماری ئیسلامی لەم پیلانگێرییەیدا شکستی خوارد، هاوڕێ مەنسووری ناسری بە ماشینێکی دیکەی حیزب بەرەو شاری کۆیە وەڕێکەوت و لە بەر بازگەی دەروازەی کۆیەدا وەک جاران بۆ لێپرسینەوە راوەستان کە لەوێشدا تووشی تاوانکارییەکی دیکە بوون و لە نێو بازگەکەوە دەسڕێژی خەیانەت لە مەنسووری ناسری کرا و هاوڕێ لەگەڵ سێ کادر و پێشمەرگەی هاوڕێی شەهید کران.

ئەوەیکە روونە پاش تێپەڕینی ٢٠ ساڵ بەسەر ئەم جینایەتە سامناکەدا، لە هیچ دادگایەکی دادپەروەرانە بکەران و بڕیاردەرانی تێرۆرەکە دادگایی نەکراون، بەڵام لە دادگای ویژدانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا جینایەتکاران و دەست‌وپێوەندییەکانی ڕێژیم بۆ ئەنجامدانی ئەم تێرۆرە ناسێندراون و ئەوەیکە بۆیان ماوەتەوە ڕووڕەشییە لە ئاست میللەت ونەتەوەکەیاندا.