کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٥ی نۆڤامبر/ توندوتیژی دژی ژنان و ڕۆژێکی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە + وتووێژ

14:17 - 7 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، ماڵپەڕی کوردستان میدیا، وتووێژێکی لەگەڵ چەند چالاکێکی بواری ژنان پێک هێناوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەسەر داخوازیی کۆمەڵێک چالاکی بواری ژنان، لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕێکەوتی ٢٥ی نۆڤامبری ١٩٦٠ی زایینی (٤ی سەرماوەزی ١٣٣٩ی هەتاوی)ـدا، ٢٥ی نۆڤامبری وەکوو ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژیی دژی ژنان دیاری کرا.

لە دونیای ئەمڕۆدا، ئەزیەت و ئازاری جینسی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و سیاسی، بێ حورمەتی، کوتان و لێدان، دەرکران لە ماڵ، پێشێلکردنی ئازادیی تاکەکەسی، لە نموونە ڕوون و بەرچاوەکانی توندوتیژی لە دژی ژنان دێنە ئەژمار.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا، وەکوو ماڵپەڕی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ زیاتر تاوتوێ کردنی پرسی تایبەت به مافی ژنان و پێشێلکاریی ئەو مافانە و هەروەها توندوتیژیی دژ بە ژنان لە کۆمەڵگای کوردستان‌دا، وتووێژێکی لەگەڵ چەند چالاکێکی بواری مافی ژنان پێک هێناوە.

دەقی وتووێژەکان:

نگین قادری


کوردستان میدیا: پێناسه‌ی توندوتیژی دژی ژنان چییه‌؟
نگین قادری: توندوتیژی دژی ژنان لە خۆگری هەموو ئەو کردەوانەیە کە بە شێوەیەک لە شێوەکان ژنان بە هۆی جنسییەتیانەوە ئازار بدات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێناسەیە، توندوتیژی جەستەیی و دەروونی دوو شێوەی بەرچاوی توندوتیژی دژی ژنانن که بە دەیان ژێرشاخەیان لێ جیا دەبێتەوە.

12697.jpg
نگین قادری، چالاکی مافی ژنان
توندوتیژی لە ماڵەوە، دەستدرێژی و کەڵکاوەژۆی سێکسی، توندوتیژی جینسی لە شوێنی کار و شوێنە گشتییەکان، کەڵک وەرگرتنی تیجاری له ژنان وەکوو پۆرنۆگرافی و ...هتد، خەتەنەی کچان، بەزۆربەشوودان و...هتد، لە سەرەکیترین شێوازەکانی توندوتیژی دژی ژنان هەژمار دەکرێن.

توندوتیژی دژی ژنان، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤه و لێکەوتەی جەستەیی و دەروونیی بەرچاو و جۆراوجۆری بەدواوە دەبێت. توندوتیژی دژی ژنان لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت، پێش به بەشداربوونی کۆمەڵایەتی، ئابووری، پیشەیی و... هتدی ژنان دەگرێت.

کوردستان میدیا: بنه‌ما و فه‌لسفه‌ی دیاریكردنی ڕۆژی ٢٥ی نوامبر، وه‌ك ڕۆژی جیهانیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ توندوتیژی دژی ژنان چییه‌؟
نگین قادری: چیرۆکی دەستنیشانکردنی ٢٥ی نۆڤامبر وەکوو ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان وەک دەستپێکی هەڵمەتی بەرەنگاریی هەمەلایەنەی توندوتیژی دژی ژنان و دەستپێکی هەوڵەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێناسە دەکرێت. ٢٥ی نۆڤامبری ساڵی ١٩٦٠ی زایینی بە هۆی شۆڕشی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و خوازیاری یەکسانی لە بەرانبەر سەرمایەداری و زوڵم و ستەمی بەرچاو لە ژنان به هۆی ڕەگەزیانەوە، هاتووەتە ئاراوە.

٥٦ ساڵ پێش ئێستا، ٣ خوشکی خەڵکی دۆمینیکان به ناوی خوشکانی میرابل، پاش چەندین مانگ ئازار و ئەشکەنجه لە لایەن هێزە ئەمنییەتی و سەرکوتکەرەکانی کۆماری دۆمینیکانەوە شەهید کران. ٣ خوشک که تەنیا تاوانیان، بەشداری لەچالاکییه سیاسییەکانی ئازادیخوازان لە دژی حکوومەتی زاڵ بەسەر دۆمینیکان بوو.

پاش ٢١ ساڵ لە ڕوودانی ئەم کردەوە قیزەونەی حکوومەتی دیکتاتۆری دۆمینیکان، واتە له ساڵی ١٩٨١ی زایینیدا له کۆنفرانسێکدا کە لە شاری بۆگۆتا، پێتەختی وڵاتی کۆلۆمبیا بەڕێوەدەچوو، داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان، ٢٥ی نۆڤامبر، ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی خوشکانی میرابلیان پێشنیار کرد کە وەکوو ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دیاری بکرێت.

پاش ٢٨ ساڵ لە کۆنفرانسی بۆگۆتای کۆلۆمبیا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٢٥ی نۆڤامبری بە مەبەستی ڕێزگرتن لە خەباتی ئازادیخوازان و یەکسانی خوازانی ژن و لایەنگرانی مافی یەکسانی ژن و پیاو و هەروەها ڕێزگرتن لە خوێنی خوشکانی میرابل و زەقکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان و پێویستیی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕەوتە، وەکوو ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ناودێر کرد.

کوردستان میدیا: ژنان، وه‌ك هێزی كارا و نیوه‌ی كۆمه‌ڵگا، چۆن ده‌توانن له‌پێناو ده‌سته‌به‌ر كردنی مافه‌كانیان، كار و چالاكییه‌كانی خۆیان ڕێك بخه‌ن؟
نگین قادری: ئازادی، بەبێ چالاکی و تێکۆشان دەستەبەر نابێت. لە حکوومەتە ئایینی و دیکتاتۆرەکاندا، مافی مرۆڤ به گشتی و مافی ژنان بەتایبەتی پێشێل دەکرێت، بۆیه پێویستە ژنان بۆ دەستەبەربوونی مافەکانیان زیاتر تێکۆشان و چالاکییان هەبێت. لە کۆمەڵگا ئایینییەکاندا پێشێلکردنی مافی ژنان وەکوو نەریتی لێ هاتووە و ژنان جگه لە پێشێلکرانی مافەکانیان لە لایەن حکوومەتەوە، لە نێو کۆمەڵگا بە گشتی و تەنانەت بنەماڵەشدا بەرەوڕووی توندوتیژی و پێشێلکاریی مافەکانیان دەبنەوە و ئەمەش بۆ کلتووری نادروست دەگەڕێتەوە.

توندوتیژی دژی ژنان لەو چەشنه کۆمەڵگایانەدا هێندە بەرچاوە که ژنان بەرەو خۆکوژی وەکوو تاقەڕێگا دەبات.

بە لەبەرچاوگرتنی کۆمەڵگا و نۆرم و فاکتە جۆراوجۆرەکانی مافی ژنان، ئەو ڕاستیە دەر دەکەوێت که پێویسته ژنان دووهێندەی پیاوان بۆ دەستەبەربوونی مافەکانیان تێ بکۆشن.

بەڕای من هاتنەسەرکاری حکوومەتێکی سکۆلار و دێموکرات زۆرترین کاریگەریی لەسەر ڕەوتی دەستەبەربوونی مافی ژنان و کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان دادەنێت.

کوردستان میدیا: پیاوان، تا چه‌ند ده‌توانن یارمه‌تیده‌ر بن بۆ ڕێز گرتن له‌م ڕۆژه‌؟
نگین قادری: لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانه پان و بەرینە تەنانەت لە وڵاتانی جیهان سێهەمیشدا، پیاوانی ئازادیخواز و لایەنگری یەکسانی وەکوو تەواوکەر (مکمل) نەوەک جینسی بەرانبەر، شان بەشانی ژنان بۆ وەدیهاتنی یەکسانیی ژن و پیاو و نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، چالاکی دەکەن.

بەڵام لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەداخەوە بەهۆی زاڵبوونی کلتووری ئایینی، ژنان وەکوو ڕەگەزی دووهەمی کۆمەڵگا سەیر دەکردرێن و ڕۆژانه بە دەیان نموونە توندوتیژی دژی ژنان تۆمار دەکرێت. قەتڵ لە ژێر ناوی پاراستنی شەرەف و نامووس، لێدان و کەڵکاژۆی سیکسی لە زەقترین توندوتیژییەکانن کە دژ به ژنان ڕوو دەدەن.

کوردستان میدیا: ئه‌ركی حكوومه‌ت و ڕێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان له‌م پێناوه‌دا چییه‌؟
نگین قادری: حکوومەت یان دەوڵەت، بەردەوم ڕۆڵێکی بەرچاوی لە دیاریکردنی مافی ژنان و پیاواندا هەیە. لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا، مافە سەرەتاییەکان وەکوو مافی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و تەڵاق بە دڵخوازی خۆیان مافی وەرگرتنی پاسپۆرت، مافی خۆ بەربژێرکردن بۆ سەرکۆماری، مافی چوونەناو ستادیۆمە وەرزشییەکان و...هتد، بە شێوەی یاسایی له ژنان زەوت کراوە و بە پێی یاسای بنەڕەتیی ئەو ڕێژیمه ژن کراوە به ڕەگەزی دووهەمی کۆمەڵگا و لە زۆربەی مافەکانیان بێبەش کراون.

مافی دووژنی و فرەژنی، مافی سیغە یان هاوسەرگیریی کاتی، جێبەجێ کرانی گەڵاڵەی ئەمر به مەعرووف و نەهی از مۆنکیر، گەڵاڵەی حیجابی زۆرەملی و...هتد، لەو هەزاران یاسا و گەڵاڵەیەن کە بەستێنی پێشێلکاریی مافی ژنان و توندوتیژی دژی ژنان کە نیوەی کۆمەڵگاکانیان فەراهەم کردووە.

ڕووناک فەتحی

کوردستان میدیا: دۆخی ژنان و دەستپێڕاگەیشتنی ئەوان بە ماف و ویستەکانیان بە تایبەت لە کوردستان لە ئێستادا و لەم هەلومەرجە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ڕووناک فتحی: دۆخی ژیانی ژنان گرێدراوی دۆخی سیاسی، ئابووری،کۆمەڵایەتی وکلتووری ئەو کۆمەڵگایە کە لێی دەژی.
بەداخەوە دەبێ بڵێم دۆخی ژیانی ژنانی کوردستان بەگشتی لە هیچکام لەم بوارانەدا دۆخێکی دڵخواز نیە و پێشێلکاری ماف وئازادییەکان وپەرەسەندنی توندوتیژییەکان لە بەرامبەر ژناندا هەروا بەردەوامە. ئەمەش هۆکاری جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت. لە لایەک دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕەوشە سیاسی و ئەمنییەتییەی کە لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناڤینی پێیدا تێدەپەڕێ، بە هۆی بندەستبوونی نەتەوەی کورد لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەرانی کوردستان ونەبوونی سوبات وسەقامگیری لە ناوچەدا، لە لایەکی دیکەشەوە بەهۆی سەرهەڵدانی گرووپی توندئاژۆو تیرۆریستی داعش کە وەک گرووپێکی تیرۆریستیی مەترسیدار بووە بە هەڕەشە بۆ سەر ناوچە و جیهان، بە هۆی پەلاماردانی چند شار و ناوچەی کوردستان لە لایەن ئەم گرووپە تیرۆریستیەوە بە مەرامی گەڕاندنەوەی کۆمەڵگای کوردستان بۆ سەدەنێوەڕاستیەکان و سەپاندنی بیری دواکەوتوانەی بە نێو ئیسلامی ڕاستەقینە، ژنانی کوردستان بەتایبەتی ژنان کوردی ئیزیدی گەورەترین پشکی قوربانیی دەستی دڕندەیی ئەم تاریک پەرەستانە بوون.

12696.jpg
ڕووناک فەتحی، چالاکی مافی ژنان
داعش لە هیچ کردەوەیەکی دژە ئینسانی و قێزەون بەرامبەر بە ژنان دەستی نەپاراست و بەوپەڕی دڕندەیی دەستدرێژی کردە سەر ژنان و لە هیچ ئازار و ئەشکەنجە و دەستدرێژییەکی جنسی سڵی نەکردەوە و بە سەدان کچ و ژنی کوردی ئیزەدیی بەدیل گرت و بەکۆمەڵ یان شەهیدی کردن یان بە وتەی خۆیان ژنانی کوردیان وەک غەنیمەتی شەر بە خۆیان حەڵال کرد بۆ تێرکردنی غەریزەی چەپەڵیان. هەرچەند بەخۆشیەوە لە سایەی بەرگری وقوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وپشتیوانیی نێودەوڵەتی لە دۆخی ڕەوای گەلی کورد ئەم گرووپە توند ئاژۆیە خەونە ئەبەدییەکانیان بۆ کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ مایە پوچی دێنێ، لێرەدا جێگای خۆیەتی خەبات و بەرەنگاری ژنانی تێکۆشەری کورد دژ بە داعش و بیری دژە ژنی تیرۆریستان، بەرز بنرخێنین. بەگشتی هەلومەرجی ئێستا هەلومەرجێکی تایبەتیە بەهۆی هاوکێشە سیاسیەکان لە کوردستان پرسی ژنان کەوتوەتە پەراوێزی پرسەکانی دیکەوە بۆیە گەیشتنی ژنان بە ماف و ویستەکانیان پێویستی بە چالاکی وتێکۆشانی بەردەوام هەیە.

کوردستان میدیا: توندوتیژی بەرامبەر ژنان بەپێی ڕابردوو گۆڕانی ئەرێنیی یان نەرێنیی پێوە دەبینرێ؟
ڕووناک فەتحی: توندوتیژی وەک دیاردەیەکی مێژوویی و جیهانی ڕیشە و ڕەنگدانەوەی لە بیرو هزری تاکەکانی کۆمەڵگادا هەبووە و هەروا دووپات دەبێتەوە. کاتێک تاک ناتوانێ بیر و هەڵسوکەوتی خۆی لەگەڵ پێشکەوتنەکانی ژیان بگونجێنێ پەنا دەباتە بەر توندوتیژی؛ دیارە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی دیکە لە ڕووی ئاستی هۆشیاری تاک و ئاسایشی ژیان جیاوازی هەیە، لە کۆمەڵگا پێشکەوتوەکاندا کە دەسەڵاتی سیاسی لەسەر بنەمای باوەڕ بە دێموکراسی،ئازادی و پاراستنی کەرامەتی تاکەکانی کۆمەڵگا زاڵە و یاسا بە بێ جیاوازی وهەڵاواردنی ڕەگەزی پارێزەری مافی تاکەکانە ڕێژەی توندوتیژی دژ بە ژنان کەمترە و زیاتر وەک حاڵەت ڕوو دەدات نەوەک دیاردە، لێرەدا ئەمە بە گۆڕانێکی ئەرێنی دێتە ئەژمار، بەڵام ئەگەر بەراوردێکی ڕواڵەتی بکەین لە نێوان کۆمەڵگای پێشکەوتوو و کۆمەڵگا دواکەوتووەکان و تازە پێگەیشتووەکاندا، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەداخەوە توندوتیژی دژی ژنان لە ئێستادا تەنها وەکوو دیاردەیەکی دزێوی کۆمەڵایەتی نەماوە، بەڵکوو وەکوو قەیرانێکی مەترسیدار ڕۆژانە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سیستم و دەسەڵاتی نادێموکراتیک و دواکەوتوو لە ناوچەدا، بۆ وێنە لە دوو ڕێژیمی خۆسەپێنی ئێران و سووریە بۆ مانەوە و درێژەدان بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری بوونەتە خوڵقێنەری کەشێکی ئەمنییەتی و ناسەقامگیری لە ناوچە لە بەرژەوەندیی سیاسەتە دژی مرۆڤیەکانیان و لەم دوو وڵاتە زۆرترین توندوتیژی دژی ژنان دەکرێ بۆیە بە بەراورد لەگەڵ پێشوو دۆخی ژیانی ژنان لەم ناوچەدا بە گۆڕانێکی نەرێنی دێتە ئەژمار.

کوردستان میدیا: ئێمە لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان داین، بەو بۆنەوە ئەو پرسیارە لە ئارا دەبێت کە هۆکاری سەرهەڵدانەوەی ئەم توندوتیژییانە چین و لە کوێوە هەڵدەگیرسێن؟
ڕووناک فەتحی: لە پێشدا دەبێ بڵێم دیاریکردنی ڕۆژێک وەک ڕۆژی بەرەنگاری و ناڕەزایەتی دەربرین بەرامبەر بە پێشێلکاری وتوندوتیژی دژی ژنان تەنها ڕۆژێکی سەمبولیکە و هیچی تر. لێرەدا مەبەستم نیە لە ئەهەمییەتی ئەم ڕۆژە کەم بکەمەوە، بەڵام بە ڕای من دەبێ بە شێوەیەکی کردەیی پراکتیکی چالاکی وتێکۆشانی بەردەوام لە بەرامبەر پێشێلکاریی مافەکانی ژناندا بکرێ، نەک تەنها لەم ڕۆژەدا باس لە کێشە وکۆسپەکانی سەر ڕێگای ژنان بکرێ.

لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا باسم کرد توندوتیژی دیاردەیەکی مێژوویی و جیهانیە، ئەم دیاردەیە لەگەڵ پەیدابوونی ژیانی مرۆڤایەتی لە نۆرم و شکڵی جیاوازدا سەری هەڵداوە و پەرەی سەندووە. ئەوەی کە گرینگە ئاماژەی پێ بدەین ئەوەیە کە لەگەڵ پێشکەوتنی ژیانی کۆمەڵایەتی، گەشەسەندنی دونیای سەنعەتی و سەردەمی تەکنۆلۆژی بۆچی دەبێ تا هەنوکەش توندوتیژی دژ بە ژنان بەردەوام دووپات بکرێتەوە؟ یەکەم تێکەڵکردنی ئیدئۆلۆژیی ئاینی بە ژیانی کۆمەڵایەتی بۆ مەبەستی گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی و پشت بەستن بە ئیدئۆلۆژیی ئاینی وەک مەرجەعی ژیان هاوکات بەکارهێنانی ئایین وەک ئامرازێک بۆ سەکوتکردنی ژنان لە هۆکارگەلی سەرەکین بۆ پەرە پێدان بە تندوتیژییەکان لە دژی ژنان، نموونەی زیندووشی کردەوەکانی گرووپە ئیسلامیە تیرۆریستی وتوند ئاژۆکانە.

دووهەم هۆکار زاڵ بوونی بیری پیاوسالارانە و کۆمەڵێک نۆرمی داب و نەریتی دواکەوتووی کۆمەڵایەتی و کلتووری لە نێو خودی کۆمەڵگای کوردستاندا بوونەتە کۆسپی سەر ڕێگای پێشکەوتن و گەشەسەندنی ژنان لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگادا، لە لایەکی دیکەشەوە بە هۆی سەربەخۆ نەبوونی ئابووریی ژنان و وابەستەبوونیان بە ڕەگەزی بەرامبەر هۆکارێکی دیکەیە بۆ توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان. بەگشتی ئەم هۆکارانە هاوتەریب لەگەڵ یەکتر دەستیان داوەتە دەستی یەک و بوونەتە لەمپەرێکی گەورە لە بەردەم گەیشتنی ژنان بە ویست و داخوازە ئینسانیەکانیان. ماوەتەوە بڵێم تەنها چەکی ژنان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان چەکی خۆ ڕۆشنبیر کردن و یەکگرتوویی خودی ژنانە.

ئامادەکار: جەماڵ ڕەسووڵ‌دنخە