کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٢ی پووشپەڕ/ شاری سەقز لەژێر کونترۆڵی توندی کامێراکانی چاودێری دایە

20:48 - 22 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو، ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رێژیم بە دامەزراندنی کامێرای چاودێر لە شوێنە گشتییەکان، هاتوچۆ و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان بە توندی کۆنترۆڵ دەکەن.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئەو شوێنانەی شاری سەقز کە کامێرای چاودێرییان تێدا دامەزراوە، بریتین لە: تێکڕای مەیدانەکانی شار، سێ‌ڕێیانی ناسراو بە \'\'شیرکەتی تەعاونی\'\'، ئازادگان، سێ‌ڕێیانی جامیعە، سێ‌ڕێیانی مزگەوتی حەزرەتی عومەر، چل بەهارستان، بەنزینخانەی شەقامی شاناز، کۆمەڵەی پزیشکان، وروودیی پارکەکان، دەرمانخانەی شەوانە رۆژی، بازار، پاساژی کەوسەر، حوسێنییە و ئەو شوێنانەش کە لەبەر چاوی هاووڵاتییاندا نییە و نابینرێن.

مەیدانی \'\'هەڵۆ\'\'ی شاری سەقز یەکێک لەو مەیدانەیە کەلە ساڵانی رابردوودا خاڵی دەسپێکی ناڕەزایەتییە گشتییەکان و شوێنی مانگرتی هاووڵاتییان بووە، خراوەتە ژێر کۆنترۆڵی کامێرای چاودێرییەوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە شەقامی ئینقلابیش کە زۆربەی ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەکان لەو شەقامەدا جێگیر کراون، بە توندی کۆنترۆڵ دەکرێ.

هەروەها لە ساڵۆنی بەناو ئیرشاد هەڵکەوتوو لە پارکی سەرەکیی شار، کامێرایەک لە جۆری سەربازی کە توانای تۆمارکردنی حەرەکات و جووڵەی هاووڵاتییان لە مەوداری زۆر دووردا هەیە، دامەزراوە.

کەڵکوەرگرتن لەو کامیرایانە و کۆنترۆل و چاودێریی شوێنە گشتییەکان و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان لەلایەن رێژیمەوە بە مەبەستی چاوترسێنکردن و دروستکردنی کەشێکی تۆقێنەری ئەمنیەتی هاتووەتە ئاراوە کەلە یاسا نێودەوڵەتییاکاندا به تاوان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییان لە قەڵەم دەدرێ.

لەم پێوەندییەدا لەم چەند رۆژی رابردوودا ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سەرەڕای زاڵبوونی دۆخێکی ئەمنیەتی و پۆلیسی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە و تیرۆریسمی دەوڵەتیی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان مەحکووم کردووە.