کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو

20:40 - 17 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: کۆڕیادی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، کوردەکانی دانیشتووی شاری ئێسکیلستونا و دەورووبەری بە سەرپەرستیی کومیتەی حیزب و یەکیەتی کوردان و یەکیەتی لاوانی شاری ئێسکیلستونا، بە مەبەستی بەڕێوەبردن و بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی یادی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان جێژن و ئاهەنگیان گێڕا.

ئەو ڕێوڕەسمە بە بەشداریی لایەنگران، ئەندامانی حیزب و بنەماڵەکانیان و کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی شاری ئێسکیلستونا و دەورووبەری و هەروەها نوێنەری چەند حیزب و لایەنی سیاسی و فەرهەنگیی کورد و کوردستانیی ئەو شارە بەڕێوەچوو.

سەرەتا ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب لە لایەن لاوانی خوێنگەرمی ئەو شارەوە و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان، دەستی پێکرد.

پاش بەخێرهاتن کردنی بەشداربووان لە لایەن بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکەوە، خاتوو مەهاباد مینوزادە و شارا کاکایی بە مەبەستی ڕێزلێنان لە بنەماڵەی پێشمەرگە شەهیدەکان، داوا لە دایکە زەینەب خێزانی شەهیدمەلا ئەحمەد دەروێشی و کاک خاڵەند برای شەهید ئیدریس ڕەشیدی و محەممەد ئەمین ڕەشیدی کرا کە وەک پێشمەرگەی دێڕین و ئەندامانی دوو بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ڕێگای کورد و کوردستان، مۆمی یادی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان داگیرسێنن.

دواتر داوا لە پێشمەرگەی بە ئەزموون و ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، مام حەسەن زارعی، ناسراو بە حەسەن سەرسپی کرا کە بە وتە بەنرخەکانی ڕێوڕەسمەکە بکاتەوە.
پاش کردنەوەی ڕێوڕەسمەکە، ئەم پەیام و برووسکانەی خوارەوە خوێندرانەوە.

- کومیتەی حیزب لە شاری ئێسکیلستونا لە لایەن حەبیب بەهرامی بەرپرسی کومیتەی حدکا لەو شارە.
- کومیتەکانی یەکێتی کوردان و یەکێتی ژنان لە شاری ئێسکیلستونا لە لایەن هێرش بەهرەمەند.
- کومیتەی یەکێتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ئێسکیلستونا لە لایەن خاتوو مەندانێ کاکایی.
- کومیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە سوید.
- پارتی دێموکراتی کوردستان لێژنەی سوید.
- مەلا محەممەد جوانڕۆیی، ناسراو بە ئەبو تارا لە کوردستانەوە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بڵاو کرایەوە.
- حیزبی شیوعیی کوردستان.
- کۆمەڵەی کوردی لە شاری ئێسکیلستونا.
- ماڵپەڕی خاکەلێوە لە سوید.

پاشان دوو پارچە شیعر سەبارەت بە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن عارف عەزیزییەوە پێشکەش بە ئامادەبون کرا.

دواتر ئومێد محەممەدی و گوڵاڵە عەزیزی، چەند گۆرانییەکیان پێشکەش کرد.

شایانی باسە بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکە بە بەشداریی گۆرانی بێژی دەنگ خۆش شۆڕش بۆکانی و ژەنیاریی خدیر زیزوو، بە شادی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.