کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیتلاعاتی شاری بۆكان لەگەڵ راگواستنی دوو زیندانیی سیاسیی كورد بۆ گرتنگەی ئەو شارە دژایەتیی كرد

15:41 - 4 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆكان دژایەتی لەگەڵ راگواستنی دوو زیندانیی سیاسیی كورد لەگرتووخانەی شاری مەهابادەوە بۆ بۆكان كرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، قاسم رەحیمی ئازەر و جەلال ناسری لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەكانی رێژیم لەشاری مەهاباد رەزامەندی ئەوەیان لەگەل کراوە، ئەو ماوەیەی کە لەحوكمەكەیان ماوە، دەتوان لەگرتووخانەی شاری بۆكان تێپەڕی بكەن.
ئەمە لەحاڵێكدایە كە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆكان دژایەتیی لەگەڵ راگواستنی ئەو دوو زیندانییە بۆ گرتووخانەی شاری بۆكان دەربڕیوە.
قاسم رەحیمی ئازەر و جەلال ناسری مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی شاری بۆكانەوە بە تۆمەتی هاوكاری لەگەڵ حیزبێكی سیاسیی دژبەری رێژیمی ئێران دەسبەسەر كران.

ئەو هاووڵاتینە دوای ٧٥ رۆژ راگرتنیان لەگرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا هەر كام بە وەسیقەی ٧٠ میلۆن تمەن ئازاد كران و رێكەوتی ١٩ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٠سەرجەم بە ١٣ساڵ زیندانی حوكم دران.
قاسم رەحیمی ئازەر و جەلال ناسری بەنیشانەی ناڕەزایەتیی بەو حوكمە مانیان گرت و ئەو حوكمەیان لەدادگای پێداچوونەوەدا كرایە ٤ساڵ زیندانی بۆ هەر كامیان.
ئەو دوو هاووڵاتییە ماوەی ٢ساڵی حوكمەكەیان لەگرتووخانەی شاری مەهاباد تێپەڕ كردووە.