کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی ئیتلاعات سێ هاووڵاتیی کوردی لە سەقز دەسبەسەر کرد

21:27 - 25 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی مەڵقەڕنیی سەربە شارستانی سەقز بەبێ هیچ تۆمەتێکی دیاریکراو لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردەوە، هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، سێ هاووڵاتییان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار رایانگواستن.

سەرچاوەکە ناوی ئەو سێ هاووڵاتییەی \'\'هیوا ئازەری تەمەن ٢٨ ساڵ کوڕی ئیبراهیم، محەممەد قانیع تەمەن ٢٤ ساڵ کوڕی محیەدین و سالار ئازەری تەمەن ٢٦ ساڵ کوڕی حەسەن\'\' راگەیاندووە، بەڵام هیچ زانیارییەکی لە هۆکاری دەسبەسەرکران و شوێنی راگیرانیان بڵاو نەکردووەتەوە.

یەکێک لەو سێ لاوە بەناوی سالار پێشتریش چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بانگهێشت و لێپێچینەوەی لێ کراوە.

بەپێی ئاماری کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوییەوە هەتا ئەمڕۆ رێکەوتی ٢٥ی پووشپەڕ ٢٣ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.