کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسماعیل بشیکچی: هەرکات باس لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێ، دوکتور قاسملووم وەبیر دێتەوە

22:27 - 10 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: دوکتور ئیسماعیل بشیکچی لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنیدا وێڕای ئاماژە بەوەی کەلە کاتی باسکردن لە ئێران و کوردستانی ئێران دوکتور قاسملووی وەبیر دێنیتەوە، وتی، رێژیمی تاران هیچی بۆ نەتەوەی کورد پێ نییە.
ئیسماعیل بشیکچی نووسەر و بیرمەندی بەناوبانگی تورک و دۆستی نزیکی نەتەوەی کورد لە وتووێژێکدا کە لەگەڵ رووداو کردوویەتی سەربارەت بە کوردستانی ئێران دەڵێ: کاتێک باسی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێ، پێش هەموو شتێک دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملووم وەبیر دێتەوە، کە ١٣ی تەمووزی ١٩٨٩ لە ڤییەن تیرۆر کرا، ئەو لە ماڵێکدا لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئێرانی دیداری هەبوو، بەڵام لە راستیدا ئەوانە پاسدار بوون کە جلوبەرگی دیپلۆماتیکیان لە بەردا بوو.

ئەو بیرمەندە تورکە هەروەها سەبارەت بە چۆنیەتیی تیرۆرکردنی دوکتور قاسملوو دەڵێ: راوەستان لەسەر چۆنیەتیی تیرۆرکردنی دوکتور قاسملوو لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لە رووی ئاشکراکردنی بیر و بۆچوونی حکوومەتی ئێران بۆ پرسی کورد و هەروەها لەلایەکی دیکەوە لە رووی هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە لەبارەی پرسی کوردەوە گرینگیی تایبەتیی هەیە، چونکە بکوژانی دوکتور قاسملوو لە ماوەیەکی زۆر کەمدا لەو ماڵەی کە تیرۆرەکەی تیدا ئەنجام درابوو، ڤییەن و ئوتریشیان بە جێ هێشت و ئوتریش نەیتوانی لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەو بارەوە بکات، هەرچەندەش هاوژینی دوکتور قاسملوو بۆ ئاشکرابوونی راستییەکان و سزادانی بکوژەکان هەوڵی زۆری دا و بۆ هێنانە گۆڕی ئەو پرسە لە دادگا و سزادانی تاوانباران لەگەڵ میتران سەرۆکی ئەو کاتی فەڕانسە و هەروەها جۆرج بۆشی باوک سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا سەرۆک وەزیرانی بریتانیا و راویژکاری باڵای ئاڵمان کۆبووەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و دادگایەک بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوە نەچوو، گرینگ لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی ئەو دادگایە نەبەسترا؟ حکوومەتی ئوتریش رایگەیاند ئەگەر ئەو دادگایە بکرێتەوە، پێوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێران تێک دەچێ، هەر بۆیە کورد دەبێ ئاگادار بێ کە حکوومەتەکان ئامادە نین لەسەر پرسی کورد پێوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتری تێک بدەن، ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە کورد لە نەتەوەیەکگرتووەکاندا کورسیی تایبەت بە خۆی نییە و ئەگەریش مافی پێشێل بکرێ و زوڵمی لێ بچێ، بۆ وڵاتانی دیکە گرینگ نییە، تەنیا لەبەر ئەوە کە لە رێکخراوە فەرمییە نێودەوڵەتییەکاندا کورد بوونی نییە. کاتێک کە باس ئێران دەکرێ و لە ئێرانیشدا باسی کورد دەکرێ دووبارە پرسی تیرۆرکرانی دوکتور قاسملووم وەبیر دێتەوە، ئەوە تەنیا بۆ کوردی رۆژهەڵات ناڵێم، بەڵکوو کورد دەبێ هەمووی هەڵوێستی نێودەوڵەتیی لەو بارەوە لەبەر چاو بێ و بزانێ کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەڵوێستێکی دۆستانەی بەرانبەر بە پرسی کورد نییە، ئەمن دوکتور قاسملووم لە نزیکەوە نەدیوە، بەڵام لە رێگەی میدیا جیهانییەکان و کتێبەکانییەوە دەیناسم.

بشیکچی ویتیشی: کورد دەبێ ئاستی زانیاریی خۆی لەبارەی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی بەرز بکاتەوە و بە تایبەتیش میدیای کوردی رۆڵێکی زۆر گرینگ لەو باروەوە دەگێڕیت، حکوومەتی ئێران هەتا ئێستا هیچی بۆ کورد پێ نەبووە و سەرەڕای ئەوەی کە لەم دوایییانەدا حەسەن رۆحانی سەرکۆماری ئێران لە میدیاکاندا کۆمەڵێک بەڵێنیی بە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دا، بەڵام تەنانەت پارێزگارەکانی کوردستانی ئێرانیش لە خەڵکی خۆجێی هەڵنەبژارد، بە رای من لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە هەڵوێستی حکوومەت، بەرزبوونەوەی ئاستی هوشیاری نەتەوەیی خەڵک گرینگترە.