کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسماعیل بێشكچی: تیرۆری دكتور قاسملوو و شیمیابارانی هەڵەبجە، غەدرێكی گەورە لەنەتەوەی كورد بوو

06:07 - 8 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: ئیسماعیل بێشكچی نووسەر، كۆمەڵناس و رووناكبیری تورك، لەهەرێمی كوردستان رایگەیاند، تیرۆری دكتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و شیمیابارانی هەڵەبجە غەدرێكی گەورە بوو كە لەنەتەوەی كورد كرا.

رۆژی شەممە رێكەوتی ٧ی بانەمەڕ بەڕێز ئیسماعیل بێشكچی گەورە نووسەری تورك لەزانكۆی سەلاحەدین لەشاری هەولێر رایگەیاند، لەسەدەی ٢٠دا كۆمەڵگای جیهانی و مرۆڤایەتی پشتیان لە شیمیابارانی هەڵەبجە و تیرۆری دكتور قاسملوو سکرتێری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران كرد و ئەو دوو كارەساتەی بەگەورەترین غەدر لەكورد ناودێڕ كردووە.
هەر لەو پێوەندییەدا مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی رێزگرتن لەو مێژوو نووسە( بێشكچی) مداڵیای بارزانی پێشكەش كردووە.

ئیسماعیل بێشكچی یەكێك لەو دەگمەن نووسەرە توركانە بووە كە بەنووسراوە و بەشێوەی پڕاكتیك داكۆكیی لەمافی كورد بەتایبەت لە توركیە كردووە.
ساڵی١٩٧١ی زایینی ئیسماعیل بێشكچی لەسەر سكاڵای وەزارەتی ناوخۆی توركیە بانگهێشتی دادگا كراوە و بانگهێشت كردنەكانی ئەو نووسەرە بۆ دەزگا قەزایی و ناوەندە ئەمنیەتییەكانی توركیە هەتا ساڵی ١٩٩٩ی زایینی بەردەوام بووە.
ئەو مێژوونووسە توركە ١٧ ساڵ لەتەمەنی خۆی لەزیندانەكانی توركیەدا تێپەڕ كردووە.
بێشكچی هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٥ كتێبی نووسیوە و لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٣٠ بەرهەمی بە شێوەی یاسایی ئیزنی چاپی پێنەدراوە.