کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسماعیل بێشکچی: تەنیا ڕێگەی پاراستنی مافی کورد، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیە

20:16 - 5 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێوڕەسمی دامەزراندنی ناوەندی ڕۆشنبیریی ئیسماعیل بێشکچی کەسایەتیی کۆمەڵناسی تورک، لە شاری هەولێر بەشداریی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی کەریم پەرویزی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێوڕەسمی دامەزراندنی ناوەندی ڕۆشنبیریی ئیسماعیل بێشکچی کە لە ساڵۆنی پێشەوادا بەڕێوە چوو، بەشداریی کرد.

سەرەتای دەستپێکی ئەو ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕقیب دەستی پێکرد.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە شوێنی ڕێوڕسمەکەدا ڕایگەیاند کە ئەو ڕێوڕەسمە بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە حیزبە کوردستانییەکان، کەسایەتییە سیاسی و ئەدەبییەکانی کوردستان بەڕێوە چوو.
سەرەتا ئیبراهیم گوربوز سەرۆکی ئەنیستیتۆی ئیسماعیل بێشکچی چەند وتەیەژی پێشکەش کرد.
گوربوز لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ئەنیستیتۆی بێشکچی لە بوارەکانی وەرگێڕانی کتێبی کوردی سۆرانی بۆ کرمانجی و بە پێچەوانە لە کرمانجی بۆ سۆرانی، چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب، کۆکردنەوەی نووسەران و ئەدیبانی کورد و ناساندنی کلتوری کورد بە دنیای دەرەوەدا چالاکیی دەبێت.
ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە هەموو بەشی ماڵییەکەی لە لایەن یەعقووب سووتـەوە دابین کراوە و هەروەها سەرجەم ئەو کەسانەی لەو ئەنیستیتۆیەدا کار دەکەن کارەکەیان بە شێوەی خۆبەخشانەیە.
پاشان چەندین کەسایەتیی سیاسی و ئەدەبیی کورد، سەبارەت بە دامەزراندنی ناوەندی ڕۆشنبیریی ئیسماعیل بێشکچی لە شاری هەولێر چەند باسێکیان پێشکەش کرد.

لەو پێوەندییەدا، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر ئەو کارەی وەزارەتی لاوان و ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند و لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە بایەخدان بە هزر و بیری ئەدەبی و کلتوری کوردی، دەبێته هۆی ئەوەیکە نەتەوەکەمان لە دنیای ئەمڕۆدا زیاتر بناسرێت.

پاشان سەرۆکی ئاکادیمیای زمانی کوردی، باسێکی لە ڕێوڕەسمەدا پێشکەش کرد و لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە زمانی کوردی ئەگەر تا ئێستا لە ناوچەیەکەدا کاری پێکراوە، دەبێ ئێمە هەوڵ بدەین کە زمانێکی هەمەلایەنەی کوردی بۆ نووسین دابمەزرێنین و لەژێر کاریگەریی هیچ هێز و لایەنێکی سیاسی نەبێت و ئەوەش بۆخۆی ئاسانکارییەکە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی.

لە کۆتایی ئەو ڕێوڕەسمەدا ئیمساعیل بێشکچی کەسایەتیی کۆمەڵناس و سیاسیی ‏دۆستی کورد، باسێکی پڕ ناوەرۆکی لەسەر زمان و ئەدەبی کوردی و کاریگەریی لەسەر بیری نەتەوەیی پێشکەش کرد.

بێشکچی لە وتەکانیدا ڕایگەیاند کە هێزی هەر وڵاتێک دوای هێزی نیزامی، هێزی زمان و کولتوورەکەیەتی و نەتەوەی کوردیش دەبێ زیاتر بایەخ بە زمان و ئەدەبی کوردی بدات.

ناوبراو لە درێژەدا وتی کە ئێمە دەبێ بۆ خۆمان چارەنووسی خۆمان بنووسین و هەرێمی کوردستانیش لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ حکوومەتی بەغدا، مافی سەربەخۆیی خۆی بستێنێت چوونکە ئەوە مافی بێ‌ئەملاو ئەولای گەلی کوردە و حکوومەتی بەغداش ئەگەر ئەو مافە نەدات، ئەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەک لایەنە دەبێ سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیەنێت. هەروەها باسی لەوە کرد کە باشترین ڕێگا ئەوەیە کە پارتی و یەکیەتی، وەکوو دوو هێزی سەرەکیی کورد لە باشوور بە ڕێکەوتننامەی ستراتژیکییاندا بچنەوە و لە سەر سەربەخۆیی کورد ڕێک بکەون، چوونکە تەنیا ڕێگای پاراستنی مافی کورد بۆ ئەوەی وەکوو نەتەوەیەکی یەکسان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە چاوی لێ بکرێ، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیە.

بێشکچی لە کۆتاییدا خۆشحاڵی خۆی بۆ دامەزراندنی ئەو ناوەندە ڕۆشنبیرییە لە هەولێر دەربڕی و هیوای خواست کە لە داهاتوودا زیاتر بتوانێت لە بواری ئەدەبی و کولتووری خزمەت بە گەلی کورد بکات.

ئیسماعیل بێشکچی لەدایک بووی ٧ی ژانویەی ۱۹۳۹ی زایینی، لە ناوچەی ئیسکسلیپی سەر بە چۆرووم لە خێزانێکی تورک و بە دین حەنەفی لەدایک بووە و ناوبراو کەسایەتییەکی کۆمەڵناسی تورکە کە ماوەیەکی زۆر تەنها غەیرە کوردێک بوو کە هەموو ژیانی تەرخان کردووە بۆ پشتیوانی لە دۆزی کورد لە تورکیە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەر بۆیە بە تورکی نازناوی ساری هۆجای لێنراوە، بە مانای مامۆستا قژ زەردەکە. بێشکچی ئەندامی فەخریی دامەزراوەی PENە.

12687.jpg

12688.jpg

12689.jpg

12690.jpg

12691.jpg