کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیلام/ پشتیوانی لە کۆبانێ بە دروشمی بژی کوردستان

14:55 - 22 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی ئیلام وەک هەمووی شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات، لە شەپۆلی پشتیوانی و پاڵپشتی لە کۆبانێ بەشدارییان کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرەڕای کەش و هەوای ئەمنییەتی و بەربەست دروست کردنی ناوەندەکانی رێژیمی ئێران، هاووڵاتییانی کوردی ئیلامی، پەیوەست بە شەپۆلی خۆپیشاندان و پشتیوانیی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی دیکەی کوردستانی رۆژهەڵات لە کۆبانێ بوون.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٠ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، پاش دەستپێکی شەپۆلی رێپێوان و خۆپیشاندانی پشتیوانی لە کۆبانێ لە سەرجەم شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات، هاووڵاتییانی کوردی ئیلامیش بە دروشمی بژی کوردستان رژانە سەر شەقامەکان.

ئەم رێپێوان و خۆپیشاندانە بە بێ مۆڵەتی رێژیمی ئێران و لەلایەن چالاکانی مەدەنییەوە وبەشێوەی خۆڕسک و بە پێشوازیی بەرچاوی هاووڵاتییانی کورد بەڕێوەچوو.

هاووڵاتییان لەو خۆپیشاندانەدا بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ و مەحکووم کردنی تیرۆر و تیرۆریسم دروشمیان وتەوە.

لە خۆپیشاندانەکەی هاووڵاتییانی ئیلام بەیاننامەیەکی ٦ ماددەییان لەمەڕ مەحکووم کردنی جنایەتەکانی داعش و پشتیوانی لە کۆبانێ خوێندرایەوە و لەو بەیاننامەیەدا داوا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ و ئازادیخوازانی جیهان کرابوو بۆ پێشگرتن لە کۆمەڵکوژیی خەڵکی کورد و رێگری لە دووپات بوونەوەی کارەساتێکی هاوشێوەی هەڵەبجە هەنگاو بنێن.

هاووڵاتییانی کورد لە رێپێوانی رۆژی رابردوو لە شاری ئیلام بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ رێپێوانێکی کەم‌وێنەیان لە کوردستانی رۆژهەڵات تۆمار کرد.

هەروەها راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە ژمارەیەک لە بەشدارانی رێپێوانی پشتیوانی لە کۆبانێ لە شاری ئیلام و چەندین هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون.

هەر لەو پێوەندییەدا، رۆژی رابردوو لە ئورمیە خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ بەڕێوەچوو.

هەروەها راپۆرتەکانی گەیشتوو لە شاری ئورمیە باس لەوە دەکەن کە خۆپیشاندانەکان بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ لە شەهرەکی ئیسلام ئاباد درێژەی هەیە.

یەکێک لە دانیشتوانی ئەم ناوچەیە لە وتووێژیکدا لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا رایگەیاندووە کە ئەم رێپێوانە لە فەزایەکی ئەمنییەتی و لە ژێر چاودێریی توند و ئەمنییەتی هێزەکانی رێژیمی ئێران بەڕێوەچوو.