کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیلیوت ئێنگل: رێژیمی ئێران گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزم لە جیهاندایە

17:12 - 28 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: ئیلیوت ئێنگل، لە ئەندامانی کۆنگرەی ئامریکا، لە کاردانەوە بە قسەکانی سەرکۆماری رێژیمی ئێران سەبارەت بە روبەڕوو بوونەوەی ئامریکا لەگەڵ داعش، رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی گەورەترین پشتیوانی ماڵی تیرۆریزم لە جیهاندا وەسف کرد.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە جیهانییەکان، ئیلیوت ئێنگل لە ئەندامانی حیزب دێموکراتی ئامریکا و کۆنگرەی ئەو وڵاتە، رێژیمی ئێرانی وەکوو گەورەترین پشتیوانی ماڵی تیرۆریزم لە جیهاندا ناو برد.

ئەم لێدوانەی ئێنگل لە دوای قسەکانی حەسەن رووحانی، سەرکۆماری رێژیمی ئێران لە پێوەندی بە هەڵوێستەکانی ئامریکا لە روبەروبوونەوە لەگەڵ داعش، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٧ی خەرمانان لە ماڵپەڕی NBC بڵاوکراوەتەوە.

سەرکۆماری ئێران، لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ئامریکایی، پێکهێنانی بەرە لەلایەن ئامریکاوە، بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ داعشی بێبایەخ زانیبوو و وتبووی: ئەم بەرەیە لە گاڵتەجار دەچێ، چوونکە لەم بەرەیەدا بڕێ لایەن بوونیان هەیە کە ئەم گرووپە تیرۆریستییانەیان پێکهێناوە و پشتیوانییان دەکەن.

پێشتریش، رێبەری رێژیمی ئێران، پێکهێنانی بەرە لە دژی داعشی پووچ وەسف کردبوو و لەم بارەیەوە وتی کە ئامریکا لە عێراق لە ئەنجامی هیچ کارێکدا سەرکەوتوو نابێت.

ئیلیوت ئێنگل بە جەخت کردنەوە لەسەر ئەو راستییەی کە رێژیمی ئێران لە رێگەی مالکییەوە بووەتە هۆی پێکهاتنی گرووپی تیرۆریستی داعش، باسی لەوش کرد کە ئەوە پێکەنینییە کە رێژیمی ئێران، گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزمی جیهان، لە شەڕی دژی تیرۆریزم ئێمە رێنوێنی بکات.

بەرپرسانی ئامریکاییش لەم ماوەیەدا، هەر جۆرە هاوکاری لەگەڵ رێژیمی ئێرانیان لە بەرەنگاریی لەگەڵ داعش رەت کردووەتەوە و رایانگەیاندووە کە ئێران لە بەرەی وڵاتانی جیهانیدا بە دژی داعش جێگای نابێتەوە.