کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیمام جومعەی شاری پاوە جارێکی‌تر بێ‌حورمەتیی بە هاووڵاتییانی ئەو شارە کردەوە + فایلی دەنگی

21:07 - 21 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: مەلا قادر قادری لە وتەکانی رۆژی هەینیدا خەڵکی شاری پاوەی بە دوو گرووپی بێکار، قین لەدڵ و مفتەخۆر و خوفاشی داخلی لەقەڵەم دا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مەلاقادر قادری نوێنەری وەلیی فەقیهـ وتی: ماوەیەکە لەلایەن راگەیەنە کوردییەکانەوە هێرشی بەر بڵاوم کراوەتە سەر و من بە دەست و پێوەندیی رێژیمی ئێران لەقەڵەم دەدەن و ئاشکراشی کرد،من خۆم بە یەکێک لە ئەندامانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی دەزانم و حاشا لەوە ناکەم.
بێ‌رێزییەکانی مەلا قادر
رێکەوتی ٢٦‌ی بەفرانبار لە رێوڕەسمی پرسەی مام عەلی رەحمانی کەسایەتیی ناسراوی ناوچەی هەورامان، کۆمەڵێک لە چالاکانی فەرهەنگی ــ ئەدەبیی شاری پاوە، دەقێکیان لەژێر ناوی پەیڤێک بۆ سەرەخۆشی نووسی بوو و لەوێدا خوێندیانەوە.
لەو پێوەندییەدا مەلا قادر قادری ئیمام جومعەی شاری پاوە لە کاتی چوون بۆ رێوڕەسمی سەرەخۆشیی ئەو کەسایەتییە، ئەو پەیامەی بە شتێکی گاڵتەجاڕ و دژە ئایین لەقەڵەم دابوو.
ئیمام جومعەی شاری پاوە وێڕای بێ‌حورمەتی کردن بەو پەیامە وتبووشی: پێویستە زەخت و گوشار بخرێتە سەر چالاکانی فەرهەنگی و ئەو کەسانەی کە ئەو پەیامەیان نووسیووە بە توندی لێپرسینەوەیان لێ بکرێت.
دوابەدوای ئەو هەڕەشەی ئیمام جومعەی شاری پاوە، لە رێکەوتی ١٤‌ی رەشەمەوە هەتا ئێستا ٢٠ کەس لە چالاکانی فەرهەنگی ــ ئەدەبی، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی شاری پاوەوە دەسبەسەر کراون.
لەناو دەسبەسەر کراوەکاندا ژمارەیەکیش هاووڵاتیی کاسب و بازاری بەرچاو دەکەوێ.
قانیع حاتەمی، محەممەد نیگاری، بابەک عەبباسی، موعتەسەم شافیعی، جەهانبەخش ئەحمەدی، یاسر کاکایی، بەختیار رەسووڵی، موختار و سەتتار ئەحمەدی، کەیهان عەزیزی، داود غەفاری، فەردین رەسووڵی، بەختیار کاکایی و گۆران بەهرامی ناوی ژمارەیەک لە دەسبەسەرکراوەکانی شاری پاوەن.

فایلی دەنگیی قسەکانی مەلاقادر قادری