کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا زانکۆی \"سەنعەتی شەریف\"ی تارانی خستە لیستی گەمارۆکانەوە

19:48 - 3 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ئورووپا زانکۆی سەنعەتی شەریفی تارانی بە هۆی بوونی پێوەندی لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران تەحریم کرد.
هەتا ئێستا ٤٩٠ کۆمپانیا و رێکخراو و ناوەندی بازرگانیی رێژیمی ئێران، لەلایەن یەکیەتی ئورووپاوە گەمارۆیان خراوەتە سەر.
هەر لەو پێوەندییەدا ١٠٥ لێپرسراوی پایەبەرزی ئەو رێژیمەش ناویان لە لیستی گەمارۆکاندا تۆمار کراوە و سەرجەم داراییەکانیان لە وڵاتانی ئورووپا بلۆکە کراوە و ئیزنی سەفەرییان نییە.
چەند رۆژ لەمەوبەر یەکیەتیی ئورووپا ١٨ کۆمپانیا و رێکخراو و هەروەها هاووڵاتییەکی ئێرانیی خستە لیستەی گەمارۆکانەوە.
یەکیەتیی ئورووپا هۆکاری گەمارۆ خستنە سەر ئەو کۆمپانیانەی بۆ پێوەندیی بازرگانی لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئیسلامیی ئێران گەڕاندووەتەوە.
ماوەیەک لەمەوبەریش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چوار کۆمپانیا و ژمارەیەکی لێپرسراوی پایەبەرزی رێژیمی ئێرانی بە لیستی گەمارۆکانی زیاد کردبوو.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەو گەمارۆیانە بە مەبەستی پێشگری لە دەست پێڕاگەیشتنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە چەکی ئەتۆم خراونەتە سەر رێژیمە و فەریدوون عەبباسی لێپرسراوی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران یەکێک لەو کەسانەیە کە گەمارۆی خراوەتە سەر.