کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێک لەچالاكانی سیاسیی مانگرتوو لەکەمپی\"ئایواچیك\"ی توركیە، دەستی دایە خۆكوژی

21:16 - 2 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: یەكێك لەو ١٢ چالاكە سیاسیانەی كەلەلایەن پۆلیسی توركیەوە دەسبەسەر كراون، دەستی دایە خۆكوژی.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، مەسعوود ئەسەدی تەمەن ٢٤ساڵ و خەڵكی شاری شیراز كە ماوەی ١٦ رۆژە لەگەڵ یازدە چالاكی سیاسیی دیكەی كورد و فارسی ئێرانی لەلایەن پۆلیسی توركیەوە دەسبەسەر كراوە، دەستی دایە خۆكوژی و بەنیشانەی ناڕەزایەتی بە ناڕوونی چارەنووسی شادەماری خۆی بڕی.
سەعد ئەیوبی چالاكی سیاسیی كورد و یەكێك لەدەسبەسەركراوەكان بەماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند، ئێمە كاتێك ئەو هەوڵە خۆكوژییەمان بینی دەست بەجێ‌ تیغەكەمان لێ‌ ئەستاند و نەمانهێشت برینەكەی زۆر كاری بێت و مەسعوودمان لەكۆتایی هێنان بە ژیانی رزگار كرد.
ئەو چالاكە سیاسییە كوردە لەدرێژەدا وتی: هەنووكە دۆخی تەندروستی مەسعوود بەهۆی خوێنرێژی ناڵەبارە و لێپرسراوانی كەمپیئایواچیك هیچ هەوڵێكیان بۆ چارەسەری پزیشكی مەسعوود نەداوە.
سەعد ئەیوبی وتیشی: رێكەوتی ١ی جۆزەردان پۆلیسی توركیە نامەیەكی لەپێوەندیی دیپۆرت كردنەوەمانیان بۆ ئێران، پێداوین.
ئەیوبی داوای لەسەرجەم ناوەندەكانی مافی مرۆڤ كرد كە بە هانایانەوە بچن و پێش بەرادەست كردنەوەیان بەئێران بگرن.
١٢ چالاكی سیاسیی كورد و فارس ماوەی ١٦ رۆژە لەحاڵیكدا كە دەیانهەویست بەرەو ئورووپا وەرێ‌ كەون لەلایەن پۆلیسی توركیەوە دەسبەسەر كراون و لەكەمپی ئایواچیك لەشاری چاناك ی توركیە راگیراون.
ئەو ١٢ پەناخوازە ماوەی سێ‌ رۆژە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بڕیاری پۆلیسی توركیە لەمەڕ دیپۆرت كردنەوەیان بۆ ئێران مانگرتن لە خواردنیان راگەیاندووە.
بێجگە لەو ١٢ چالاكە سیاسییە سێ‌ كەس لەبنەماڵەی سەعد ئەیوبیش بە ناوەكانی فاتمە، شادی و پێشەوا لە كەمپی ئایواچیك دەسبەسەرن.