کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە ریزی ١٠ وڵاتی سەرکوتکەری پێڕەوانی ئایینی مەسیحییەتە

15:40 - 19 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: نزیکەی ١٠٠ میلیۆن مەسیحی لە جیهاندا بەهۆی بڕوای ئایینیی خۆیانەوە توندوتیژییان لەگەڵ دەکرێ و سەرکوت دەکرێن.
گوشار بۆ سەر مەسیحییەکان لە کورەی باکوور، وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ئەفریقایی زیاتر لە وڵاتانی دیکەیە و ئێرانی لە پلەی نۆهەمی ئەو لیستە دایە.
بەپێی راپۆرتێک کە سەبارەت بە راوەدوونان و ئەشکەنجەدانی مەسیحییەکان بڵاو کراوەتەوە، کورەی باکوور پلەی یەکەمی لە سەرکوتی مەسیحییەکان دایە و بە شێوەیەکی سیستماتیک لایەنگرانی ئایینی مەسیحی دەچەوسێنێتەوە و تەنانەت هەڵگرتنی پەرتووکی \'\'ئینجیل\'\' تاوانە و سزای مەرگ و کاری ئیجباریی لە ئوردوکانانی بۆ دیاری کراوە.
پاش کورەی باکوور وڵاتانی سوومالی، سووریە، عێراق، ئەفغانستان، عەرەبستان سعوودی، ماڵدیڤ، پاکستان، ئێران و یەمەن، زیاترین رێژەی سەرکوتی لایەنگرانی ئایینی مەسیحی تێیدا ئەنجام دەدرێ و بەهۆی دەوڵەت یان گرووپە ئیسلامگەراکانەوە کاروباری ئایینییان تووشی گرفت بووەتەوە و بگرە ژیانیشیان بەهۆی مەسیحی بوونیانیەوە لە حاڵەتی ئاسایی دەرچووە.
مارکووس روودێ سەرپەرستی دامەزراوەی \'\'درگا کراوەکان Open Doors\'\'، لە ئاڵمان بە دۆیچەوێلەی راگەیاندووە: لایەنگرانی ئایینی مەسیحی لە کورەی باکوور سۆزی ئایینی خۆیان دەشارنەوە، هەتا بتوانن درێژە بە ژیانیان بدەن.
هەنووکە ٧٠ هەزار مەسیحی لە کورەی باکوور لە ئوردووگاکانی کاری ئیجباری ژیان بەسەر دەبەن و ئەشکەنجە دەکرێن.