کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران گەورەترین زیندانی ژنانی رۆژنامەنووس و وێبنووس

15:37 - 7 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: بە دەسبەسەرکرانی سێ رۆژنامەنووسی ئەمریکایی لە چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەی زیندانییانی رۆژنامەنووس و وێبنووس لە ئێران گەیشتە ٦٥ کەس.


رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور لە راگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئێران بە ١٠ ژنی رۆژنامەنووس و وێبنووسی زیندانی کراو، بووەتە گەورەترین زیندان بۆ رۆژنامەنووسانی ژن لە جیهاندا.

ئەو رێکخراوە جیهانییە هەروەها بڵاوی کردووەتەوە، ٧ کەس لەو ١٠ ژنە رۆژنامەنووسە سزای ٦ مانگ هەتا ٢٠ ساڵ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.

رێکەوتی ٣٠ی پووشپەری ١٣٩٣ی هەتاوی، یەگانە ساڵحی هاوکاری بڵاڤۆکی ئینگلیزی زمانی نەشناڵی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی جیسۆن رەزاییان رۆژنامەنووسی ئەمریکایی بە رچەڵەک ئێرانی و هاوکاری رۆژنامەی واشینگتۆن پۆست و وێنەگرێکی دیکە ئەمریکایی دەسبەسەر کرا و بە دەسبەسەرکرانی ئەم ژنە، ئێران بوو گەورەترین زیندانی ژنانی رۆژنامەنووس و وێبنووس لە جیهاندا.

ئێران بە گشتی لە جیهاندا پێنجەمین وڵات بۆ زیندانییانی رۆژنامەنووس و گەورەترین وڵات بۆ زیندانییان ژنی رۆژنامەنووسە.