کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران/ پاش هاتنە سەرکاری رۆحانی، لانیکەم ٨٧٠ کەس ئیعدام کراون

23:22 - 18 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە کاتی هاتنە سەرکاری رۆحانی وەکوو سەرکۆماری رێژیمی ئێران، هەتا ئێستا ٨٧٠ هاووڵاتی لە ئێراندا لە سێدارە دراون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە، لە کاتی دانانی رۆحانی وەکوو سەرکۆماری رێژیمی ئێران، ٨٧٠ هاووڵاتی لەو وڵاتەدا لە سێدارە دراون و شەپۆلی ئیعدامەکانیش هەروا بەردەوامە.

بەگوێرەی ئامارەکانی ئەو رێکخراوەیە، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ی زایینیدا لانیکەم ٤١١ هاووڵاتی، بە دەستی رێژیمی ئێران ئیعدام کراون.

ئەمە لە حاڵێک دایە کە \'\'ناڤی پیڵای\'\' کۆمیسێری مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەر دوو لایەنی دانووستانکاری بەرنامەی ناوکیی ئێران کردبوو، کە لەم خولە لە دانووستانەکاندا پرسی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بورووژێنن.

لەو پێوەندییەدا پێشتریش بەرپرسی کۆمیتەی پێوەندییەکانی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا لەهەمبەر دۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە ئێراندا نیگەرانیی خۆی دەربڕیبوو.

لەو بەیاننەمەیەدا هاتبوو: \'\'رێژیمی ئێران هەروا لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بر شێوەیەکی ئاشکرا بەردەوامە. لانیکەم ٧٥٠ کەس بە بێ دەرکردنی پەروەندەی یاسایی لە ساڵی رابردوودا لە سێدارە دران و ئەم لە ئیعدامانە لە دەورەی رۆحانیشدا بەردەوام بوون.

لەو پێوەندییەدا چەند رۆژ پێش ئێستا، رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور، لە بەیاننامەیەکدا وێڕای پێداگری لەسەر نادادپەروەرانە بوونی دادگایی‌یەکانی ئێران، رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی وەکوو ئامێری دەستی وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران وەسف کرد.